دوو چەکدار هێرشیان کردە سەر دادگایەکی ئیستانبوڵ؛ کوژراو و بریندار هەن

دیمەنێکی هێرشەکە (وێنە: IHA)
دیمەنێکی هێرشەکە (وێنە: IHA)

K24 - هەولێر

دوو چەکدار هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە دادگایەکی ئیستانبوڵ. هەردوو چەکدارەکە کوژران و سێ پۆلیس و سێ هاووڵاتیی سڤیلیش برینداربوون.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 06-02-2024، نزیکەی کاترمێر 11:45 خولەک، دوو چەکدار "هێرشێکی تیرۆریستیان" کردە سەر خاڵێکی پۆلیس لە دادگای "چالایان"ـی ئیستانبوڵ. میدیاکانی تورکیا دەڵێن، یەکێک لە چەکدارەکان پیاو بووە و ئەوەی دیکەشیان ئافرەت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە ئەنجامی شەڕەتەقەی نێوان پۆلیس و چەکدارەکاندا؛ هەردوو چەکدارەکە کوژارون، سێ پۆلیس و سێ هاووڵاتیی سڤیلیش برینداربوون.

تا ئێستا هیچ لایەنێک ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش دەڵێت پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.