رەسول رەئوف: عەرەب و تورکمان بە مەبەست کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیان پەکخستووە

رەسول رەئوف
رەسول رەئوف

K24 - هەولێر

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە لایەن پێکهاتەی عەرەب و تورکمانەوە بەمەبەست تا کاتێکی نادیار پەکخراوە. ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی هاووڵاتیان.

رەسول رەئوف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک یەکێکە لە رووداوە هەرە گرینگەکان، چونکە لە دوای ساڵی 2005ەوە لە ناوەند رێگری کراوە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، چونکە لەژێر دەسەڵاتی کورد دابووە.

گوتیشی: دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر کە گۆڕانکاری هێز لەناوچەکەدا کرا، هاتن دەستوورێکی تایبەتیان بۆ کەرکووک دانا کە تێکەڵی هەڵبژاردنەکانی دیکە کرا، کە ئەو دەستوورە مەترسی بوو، بۆیە باس لە رێیکەوتن دەکرا نەک رێژەی هەڵبژاردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە کورد لەو هەڵبژاردنە نەیتوانیوە لەسەدا 51 بەدەستبهێنێت، بەڵام لەپێش هەموو نەتەوەکانی دیکە دێت و کورسییەکانی لەوان زیاترە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە هەمان ئەو عەقلیەتەیە کە لە رابردوودا رێگری لەهەڵبژاردن کراوە، بۆیە ئەو دوو نەتەوە کە عەرەب و تورکمانە لەرووی رێژەی کورسیەوە ئەتوانن کۆبوونەوەکان پەکبخەن.

باسی لەوەشکرد، دەترسین ئەو پەکخستنە درێژە بکێشێت، بەم دۆخەی ئیستا بمێنێتەوە چونکە لە قازانجی ئەوانە. دەشڵێت: لەبەرئەوەی عەرەب شەش کورسیان هەیە و پارێزگار و زۆربەی دامودەزگاکانیشیان لەلایە، ئەگەر بێت و ئەو بیانوەیان بۆ بچێتە سەر ئەوە لە سوودی ئەوانە.

لەکۆتاییدا جەختیکردەوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە پارتی و یەکێتی کە رێککەوتوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد، بۆیە بۆ کەرکووک گرنگە کەسێک دیاری بکەن و بچنە پێشەوەی دانیشتنەکان.

دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بڕیاربوو لە (1ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبچێت بۆ (5ـی شوباتی 2024) دواخرا، لایەنەکان لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک و تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.

رۆژی پێنجشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).