رەواج حاجی: دەزگای خێرخوازی بارزانی یەکەم دەزگا بوو گەیشتە شوێنی بوومەلەرزەکەی تورکیا

رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێری دەزگای خێرخوازی بارزانی
رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێری دەزگای خێرخوازی بارزانی

K24 - هەولێر

ئەندامێکی دەستەی کارگێری دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێت، دەزگاکەیان یەکەمین دەزگای نێودەوڵەتی بوو گەیشتە شوێنی بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان. ئاماژە بەوەش دەدات، "بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو کەسێکمان کرد".

ئەمڕۆ سێشەممە، 06-02-2024، رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێری دەزگای خێرخوازی بارزانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پلانی ئیمێرجێنسی لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر کارەساتێکی نەخوازراو، لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە. پلانێکی تۆکمە دانراوە و لە ساڵانی رابردووشدا زۆر کاری لەسەر کراوە".

رەواج حاجی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، "کارەساتی بوومەلەرزەکە زۆر گەورەبوو. کاریگەریی لەسەر تورکیا، باکووری کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەبوو. خەڵک لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژیان. دەزگای خێرخوازی بارزانی یەکەمین دەزگای نێودەوڵەتی بوو کە گەیشتە تورکیا و هاوکاری لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرد".

ئەو ئەندامی دەستەی کارگێری دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، "جیاوازی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و عەفرین لە دوای بوومەلەرزەکە لەوە دابوو کە هیچ دەزگایەکی نێودەوڵەتی بە هانایانەوە نەچوو، پێچەوانەی تورکیا کە لە هەموو روویەکەوە وڵاتان هاوکارییان پێشکەش دەکردن. بریندار هەبوو چەند رۆژێک بوو لەژێر داروپەردوو باڵەخانەکاندا بوون و کەس دەریان نەهێنابوون".

ئەندامەکەی دەستەی کارگێری دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، "پێش ئەوەی تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بچنە سووریا و تورکیا، سەرۆک بارزانی بە ئێمەی گوت، بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان بکەن، کوردبن، عەرەببن، تورکیبن یان هەر کەسێکی دیکەبن. ئەوەی لە دەستمان هات کردمان بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات".

رۆژی دووشەممە (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك  بە گوڕی 7.4 به‌ پلەی رێختەر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی باكووری كوردستان و توركیا، هه‌روه‌ها رۆژئاوای كوردستان و سووریای هەژاند، بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدان، و برینداربوون و بێسه‌روشوێنبوونی هه‌زاران كه‌س.

بەشێکی زۆری رزگاربووانی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات ئاوارەی شارەکانی دیکەی تورکیا بوون و دوای ساڵێک هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شۆێنی خۆیان، بەشێکیشیان نایانەوێت بگەڕێنەوە و کارەساتەکەیان بە بیربێتەوە.