چین.. ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی وڵاتەکە دەستیانپێکردووە

لە چین ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی وڵاتەکە دەستیانپێکردووە (وێنە: AP)
لە چین ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی وڵاتەکە دەستیانپێکردووە (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

لە چین ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی وڵاتەکە دەستیانپێکردووە و شەقامەکانی چین بە بووکەڵەی ئەژدیها رازێندراونەتەوە. مەترسییەکانی کۆرۆنا کەمیانکردووە و خەڵك دەتوانن بە سەلامەتی بەشداری لە ئاهەنگ و بۆنەکان بکەن.

چەند رۆژێک ماوە بۆ ساڵی نوێی چینی، بەڵام دانیشتووانی گوندێك لە باکووری پەکینی پایتەخت بە ئامادەکردنی بووکەڵەی ئەژدیها، لێدانی دەهۆڵ و ئامادەکردنی خواردنی کولتووری؛ پێشوەختە ئاهەنگەکانیان دەستپێکردووە.

هاووڵاتییەکی چینی دەڵێت، "ئەمساڵ ساڵێکی خۆش دەبێت. لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ ساڵێک دێتە سەر تەمەنمان، هەموومان لێرە خواردن دەخۆین و بۆ ئەو بۆنەیە خۆمان رێکپۆشکردووە. خۆشحاڵین لێرە نمایش دەکەین و هەمووان چاوەڕێی ساڵی نوێن".

ساڵی داهاتووی چین بە ساڵی ئەژدیها ناسراوە، بازاڕ و شەقامەکانی پەکین بە بووکەڵەکانی ئەو بوونەوەرە ئەفسوناویە رازێندراونەتەوە، کە لای چینییەکان سیمبولی هێز و دادپەروەرییە بووەتە سیمبولی نیشتمانیان.

هاووڵاتییەکی دیکەی چین باس لەوە دەکات، "ساڵی رابردوو هەموو شتەکان بە باشی بەڕێوەچوون، کەسانی پێگەیشتوو و منداڵەکانیش سەلامەت بوون. هیواخوازم ئەم سەری ساڵەش بەمجۆرە بێت و هەموو کەسێک باشبن."

هەڕەشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە کەمیانکردووە و ئێستا خەڵکەکەی دەتوانن ئاهەنگی سەری ساڵ بگێڕن.

دەسەڵاتدارانی چین مەزندەی دەکەن ئەمساڵ خەڵکێکی زۆر بەشداری لە بۆنەی سەری ساڵ و فێستیڤاڵەکان بکەن و تەنیا لە فێستڤاڵی بەهارە نۆ ملیار گەشت لە وڵاتەکە ئەنجامبدرێت.