پزیشکانی بێسنوور: لە سوودان هەر دوو کاتژمێر جارێک منداڵێک دەمرێت

سوودان
سوودان

K24 - هەولێر

رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور رایگەیاند، هەر دوو کاتژمێر جارێک منداڵێک لە کەمپی "زەمزەم" لە دارفور لە رۆژئاوای سوودان دەمرێت.

کلێر نیکۆلی، بەرپرسی کاروباری فریاگوزاری پزیشکانی بێ سنوور،  لە سوودان لە راگەیەندراوێکدا گوتی: وتیشی: "هەر دوو کاتژمێر جارێک منداڵێک لە کەمپەکەدا دەمرێت، واتە رۆژانە نزیکەی 13 منداڵ دەمرن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو منداڵانەی بەدەست بەدخۆراکیەوە دەناڵێنن لەوانەیە لە ماوەی سێ بۆ شەش هەفتەدا بمرن ئەگەر چارەسەر وەرنەگرن".

بەرپرسەکە جەختیشیکردەوە، نزیکەی چارەکێکی ئەو منداڵانەی کە پشکنینیان بۆ کراوە، بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا نزیکەی 40%ی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان شەش مانگ بۆ دوو ساڵیدایە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن.

بەم شێوەیە ژمارەی گیانلەدەستدان لەم کەمپەدا کە گەورەترین و کۆنترین کەمپە لە سوودان و 300 تا 500 هەزار کەسی تێدایە، رێژەی مردن رۆژانە گەیشتووەتە 2.5 لە هەر 10 هەزار کەسێکدا.

نیکۆلی دەشڵێت: پێش دەستپێکردنی شەڕ دانیشتوانی کەمپەکە زۆر پشتیان بە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بەستبوو بۆ بەدەستهێنانی خۆراک و چاودێری تەندروستی و ئاوی خواردنەوە، بەڵام ئەمڕۆ نزیکە بە تەواوی ئەو هاوکارییانە نەمێنێت.

راشیگەیاند "بەرنامەی خۆراکی جیهانی" لە مانگی ئایاری ساڵی رابردووەوە خۆراکی دابەشنەکردووە و خێزانەکان ناچاربوون ئاوی تاڵ یان ئاوی رووبارەکان بخۆنەوە.

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و رایانگەیاندووە، "نزیکەی 25 ملیۆن کەس کە 14 ملیۆنیان منداڵن، پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بەپەلەیە هەیە لە سودان".

لە 15ـی نیسانی ساڵی 2023، شەڕ لە نێوان اوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، سەریهەڵداوە، کە تا ئێستا بەردەوامە و بووەتە هۆی مردنی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی 10 ملیۆن کەس.