عێراق بووەتە گۆڕەپانی ململانێکانی ئێران و ئەمەریکا

ئاڵای عێراق، ئێران و ئەمەریکا
ئاڵای عێراق، ئێران و ئەمەریکا

K24 - هەولێر

عێراق لەلایەن وڵاتانی ئێران و ئەمەریکاوە کراوەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان و زۆر جار سەروەریی خاکی عێراق پێشێل دەکەن. هەموو جارێکیش دوای هێرشەکان عێراق ئاگادار دەکەنەوە و عێراقیش تەنیا هێرشەکان سەرکۆنە دەکات.

ئێران و ئەمەریکا عێراقیان کردووەتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی گرژی و ململانێکانی نێوانیان و هەردوولا چەندین جار سەروەریی خاکی عێراقیان پێشێلکردووە و هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ئامانجانەی کە خۆیان بە سەرچاوەی هەڕەشە لەسەر یەکتر باسیان دەکەن. هیچ جارێکیش لەپێشدا حکوومەتی عێراق ئاگادار ناکەن و دوای ئەنجامدانی هێرشەکان بەرپرسیارەتیی هێرشەکان ڕادەگەیەنن، حکومەتی عێراقیش هەموو جارێک تەنیا هێرشەکان سەرکۆنە دەکات.

سەبارەت بە دوایین هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی بەرەی موقاوەمە لە عێراق کە پێشتر ئەو گرووپانە لە هێرشێکیاندا بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە سنووری ئوردن سێ سەربازی ئەمەریکایان کوشتبوو؛ ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، "عێراق وەك هەر وڵاتێكی دیكە لە ناوچەكەدا تێگەیشتبوو دوای كوژرانی سەربازەكانمان وەڵاممان دەبێت. سەبارەت بە هێرشەكەی رۆژی هەینی پێشتر عێراقمان ئاگادار نەكردبووەوە، دوای جێبەجێکردنی هێرشەكان دەستبەجێ عێراقییەكانمان ئاگادار كردەوە".

پێشتر لە ڕێککەوتی 16ی کانوونی دووەم ئێران بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، بازرگانی ناسراوی کوردی کردە ئامانج و دوابەدوای هێرشەکە سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە بەرپرسیارەتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، بەبێ ئەوەی لەپێشدا حکوومەتی عێراق لەو پاساوە "بێبنەمایانە" ئاگادار بکەنەوە کە دوای هێرشەکە خستییانەڕوو.

لە دوایی هەڵوێستی فەرمیی عێراقیشدا، عەباس کازم فەتلاوی، جێگری نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بێ ئەوەی باس لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بکات، هێرشەکانی ئەمەریکای بۆ سەر خاکی عێراق سەرکۆنەکرد و دووپاتی کردەوە، عێراق هەمیشە هەوڵی داوە ببێتە فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکە، ئەو هێرشانەی ئەمەریکاش پێچەوانەی پەیوەندیی نێوانیانە.