وەزارەتی تەندروستی ئێران: کۆچکردنی پزیشکەکان بۆ دەرەوەی وڵات دەبێت بەجددی وەربگیرێت

دیمەنی ناو یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئێران
دیمەنی ناو یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئێران

K24 - هەولێر

بریکاری وەزیری تەندروستی ئێران راگەیاند، هیچ ئامارێکیان لەبەردەست نییە دەربارەی کۆچکردنی پزیشک و کارمەندانی کەرتی تەندروستی بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام دەبێت پرسی کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات و نەگەڕانەوەیان بە جددی وەربگیرێت.

ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردووەتەوە، سەعید کەریمی بریکاری وەزیری تەندروستی ئێران کۆچکردنی پزیشکانی وڵاتەکەی بۆ دەرەوەی وڵات پشڕاست دەکاتەوە و رایگەیاندووە، وەک وەزارەتی تەندروستی ئامارێکی راست و دروستیان لەبەردەست نییە، بەڵام وەزارەتی دەرەوە دەبێت ژمارەی ئەو پزیشک و کادیرانەی کەرتی تەندروستی ئاشکرا بکات، کە کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کردووە و نەگەڕاونەتەوە.

کەریمی ئاماژەیداوە، هەرچەندە وەرگرتنی بڕوانامە و پشتگیری زانستی بە مانای کۆچکردنی پزیشکان بۆ دەرەوەی وڵات نایەت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری ئەو پزیشکانەی وڵاتیان جێهێشتووە، دەگەڕێنەوە.

کەریمی دەڵێ؛ پرسی کۆچکردنی پزیشکان بۆ دەرەوەی وڵات دەبێت بە هەند و بە جددی وەربگیرێت، چونکە حکومەت بۆ پێگەیاندنی پزیشکەکان خەرجیی و کاتێکی زۆری لە سەر دەکەوێت، بۆیە کۆچکردنیان زیانێکی گەورەیە.

رۆژنامەی ئیعتمادی چاپی ئێران رۆژی دووشەممە (5ی شوباتی 2024) راپۆرتێکی بنکۆڵکاری لە سەر لێشاوی کۆچکردنی پزیشکانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات، بە هۆکارەکانی خراپی دۆخی ئابووریی، قەیرانی دارایی، کێشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردبووەوە و ئاشکرایکردبوو، بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوودا لێشاوی کۆچی پزیشک، پەرستار و کارمەندانی کەرتی تەندروستی بەڕێژەی 200% زیادی کردووە.

هەروەها عەلی جەعفەریان، سەرۆکی پێشووی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران رایگەیاندبوو، بەهۆی کۆچی پزیشک و کادیرانی کەرتی تەندروستی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات، زیاتر لە 800 کورسی یاریدەدەری پزیشکی بەتاڵن و لە سەدا 50ی قوتابیانی خوێندنی پزیشکی بیهۆشکردن دەستبەرداری خوێندن دەبن.

بەگوێرەی ئامارەکانی رۆژنامەی ئیعتماد بڵاویکردووەتەوە، کۆچی بە لێشاوی کادیرانی تەندروستی بۆ دەرەوەی وڵات، زۆترینی پزیشکانی پسپۆر، دەرمانساز، ئافرەتان، منداڵبوون و پەرەستارەکانن، کە دوای کۆچکردنیان جارێکی دیکە بۆ وڵاتەکەیان ناگەڕێنەوە.