کابینەی نۆیەم کێشەی رێگەپێدانی خانوو لە زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری چارەسەرکرد

کابینەی نۆیەم کێشەی رێگەپێدانی خانوو لە زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری چارەسەرکرد
کابینەی نۆیەم کێشەی رێگەپێدانی خانوو لە زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری چارەسەرکرد

K24 - هەولێر

بەبڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دوای ساڵانێک لە چاوەڕوانی کێشەی موڵکداری و بەناوکردنی زەوییەکانی قەرەبووی گوندی کۆری چارەسەر کرا. ھەزاران خێزان لە بڕیارەکە سوودمەندن.

لە ساڵی 2013ـەوە زیاتر لە چوار هەزار خێزان چاوەڕوانی ڕێگەپێدانی قەرەبووی زەوییەکانی گوندی کۆری بوون بۆ ئەوەی بتوانن خانوویان لەسەر دروست بکەن.  

هاووڵاتیی مەھدی محەممەد یەکێکە لەو کەسانەی کە زیاتر لە هەشت ساڵە چاوەڕێییە ڕێگەی پێبدرێت خانوو دروستبکات. وەک خۆی دەڵێت، " کابینەی نۆیە خەونی چەندین ساڵەی ئێمەی بەدیھێناوە".

مەهدی محەممەد دەشڵێت، "لە سەرەتای ساڵی 2013 – 2014 ئەم کێشەیەمان هەبووە. زۆر سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین کە زۆر هاوکارمان بوو، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؛ خاوەن زەوییەکان، قەرەبووی زەوییەکانیان لە گوندی کۆری وەردەگرنەوە و دەتوانن خانوویان لەسەر دروست بکەن".

سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر لە دوای دووساڵ کارکردن لەسەر کێشەی ئەو زەویانەی کە وەك قەرەبوو درابوون بە ھاووڵاتییانی گوندی کۆری؛ داوایان لێدەکات بۆ ڕێگەپێدان سەردانی بەڕێوبەرایەتی موڵكداری بکەن.

عەبدولواحد ئەحمەد حەمد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێریش دەڵێت، کێشەکەیان چارەسەرکردووە و دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بەو زەویانە. گوتیشی، "ئێمە ئێستا خەریکی ئامادەکردنی دەرخستەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانین بۆ ئەو زەویانە. ئەگەر بارودۆخی ئابووریی هاوکاربێت، لەم ساڵدا خزمەتگوزارییەکانی وەکو دروستکردنی شەقام و گەیاندنی ئاوەڕو بۆ زەویانە تەواو دەکەین".

لە بەشێک لە ناوچەکانی ھەولێر و بەتایبەت گەڕەکەکانی دەوروبەری شار؛ دابەشکردنی زەوی بە بێ تاپۆ و بە شێوەی کارت کێشەی بۆ بەشێک لە ھاووڵاتییان دروستکردوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان کێشەی موڵكداری قەرەبووی گوندی کۆری بە تەواوی چارەسەركرا.