کابینەی نۆیەم بە گوژمەی 320 ملیار دینار پڕۆژەی لە ئامێدی جێبەجێکردووە

کابینەی نۆیەم بە گوژمەی 320 ملیار دینار پڕۆژەی لە ئامێدی جێبەجێکردووە
کابینەی نۆیەم بە گوژمەی 320 ملیار دینار پڕۆژەی لە ئامێدی جێبەجێکردووە

K24 - هەولێر

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی 320 ملیار دینار پڕۆژەی لە ئامێدی جێبەجێکردووە.

سەرەڕای خراپی بارودۆخی ئابووری و نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە؛ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بە گوژمەی 320 ملیار دینار چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری لە سنووری قەزای ئامێدی جێبەجێکردووە.

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە شەش ملیار دیناری بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی سنووری قەزای ئامێدی خەرجکردووە.

وەجیهـ سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی قەزای ئامێدی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکەمان، کابینەی نۆیەم خزمەتێکی زۆری بە کەرتی پەروەردە کردووە و چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری ئەنجام داوە".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا  پڕۆژەی جۆراوجۆری لە کەرتەکانی دیکەی وەکو رێگاوبان، کارەبا، گەشتوگوزار، تەندروستی و ئاوەڕۆ لە سنووری قەزای ئامێدی جێبەجێکردووە.

وارشین سەلمان، قایمقامی ئامێدی دەڵێت، "ئەوەی پێویست بوو، بۆ قەزای ئامێدی و دەوروبەری لەلایەن کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دراوە. سەرباری هەموو رێگرییەکان و نالەباری بارودۆخی ئابووری، جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لەلایەن کابینەی نۆیەمەوە بەردەوامییان هەبووە. زۆرینەیان تەواوبوون و بەشێکیان لە جێبەجێکردندان".

ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە رێگری لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە خزمەتگوزارییەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا بگەیەنێتە 201 گوندی سنووری قەزای ئامێدی.