سیستەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە گەرمیان کرایەوە

K24 - هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کردنەوەی سیستەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە گەرمیان راگەیاند و گوتی زیاتر لە 300 هەزار کەسی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش لەو فەرمانگەیە سوودمەند بوونە.

جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ خزمەتێکی دیکە پێشکەشی خەڵکی گەرمیان و دەورووبەری دەکرێت، ئەویش سیستەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنییە لە نووسینگەی پاسپۆرتی گەرمیان.

گوتیشی: لە رابردوودا ئەو نووسینگەی خزمەتێکی زۆری بە خەڵک کردووە، دەشڵێت: ئەم سیستەمە لە زۆر رووەوە گرنگی خۆی هەیە، کە فەمانبەران و فەرمانگەکان دوور دەخاتەوە لە کاری رۆتین و ساختەکردن، کە ئەوکارانە لە رابردوودا وەکو گرفتێک هاتووەتە بەردەم فەرمانگەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانگەی پاسپۆرتی گەرمیان تەنها سوودی بە خەڵکی گەرمیان نەگەیاندووە، بەڵکو زیاتر لە 300 هەزار کەسی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سوودمەندبوون لەو فەرمانگەیە، یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەو فەرمانگەیە ئەوەیە کە خزمەتی باش پێشکەشدەکەن.  

لە 23-1-2024، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش، سیستەمی پاسپۆرت ئەلیکترۆنی کەوتە کارو سەرۆکی ئیدارەکەش رایگەیاند، بەکارخستنی سیستەمەکە یەكێکە لە ئامانجەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کارئاسانیی و زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان.