سەرۆك بارزانی و وەزیری بەرگریی توركیا جەخت لە هەماهەنگیی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان دەکەنەوە

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی توركیا کرد
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی توركیا کرد

K24 - هەولێر

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی توركیا کرد و، بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەكانی تیرۆریان تاوتوێ کرد. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-02-2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە مەتین گوراك سوپاسالاری توركیا و عەلی ڕەزا گونەی، باڵیۆزی توركیا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و سەربازیی توركیا.

بە گوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەكانی تیرۆر و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا ئاڵوگۆڕ كرا.

ئاماژە بەوەش کراوە، "هەر لەو دیدارەدا جەخت لە هەماهەنگیی نێوان توركیا و عێراق و هەرێمی كوردستان كرایەوە، ئەویش لەپێناو دەستەبەركردنی سەقامگیری و بووژانەوە و كاری هاوبەشی نێوانیان".

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و پێشڤەچوونی ئەو پەیوەندییانە تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.