وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا: لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵەوە هەڵاوسان دادەبەزێت

محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا
محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا

K24 – هەولێر:

وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، لە پێناو دابەزاندنی هەڵاوسان، هەوڵدەدەن بازاڕ سەقامگیر بێت و هەڵبەز و دابەزی نرخ نەمێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (7ـی شوباتی 2024) محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، هەوڵ دەدەن بازاڕ سەقامگیر بێت و هەڵبەز و دابەزی نرخ نەمێنێت چونکە ئەگەر ئەمە نەکرێت، ناتوانن پلانی ئابووری تۆکمە بۆ ئیاندە دابڕێژن.

ناوبراو گوتیشی: لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵەوە هەڵاوسان دادەبەزێت و ئەو بڕەی کە ئێستا هەیە نامێنێت.

رێژەی هەڵاوسان بەگوێرەی دەستەی ئاماری تورکیا 64.86%ـە، بەڵام گرووپی لێکۆڵینەوە لە هەڵاوسان دەڵێت، هەڵئاوسان لە بازاڕ گەیشتووەتە 129.11%.

پێشتریش محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندبوو، ئامانجی سەرەکییان لە تورکیا کەمکردنەوەی رێژەی کورتهێنانە بەشێوەیەکی سەقامگیر و بەردەوام.

شیمشەک دوای راگەیاندنی فەندێکی تایبەت بە وەبەرهێنان لەلایەن بانکی ناوەندی کە ساڵانە 100 ملیار لیرە تەرخان دەکرێت، گوتبووی: "بانکی ناوەندی پرۆگرامێکی زۆر گرنگی راگەیاندووە و لەرێگەی ئەم فەندەوە دەتوانن وەبەرهێنان لە بەرهەمەکانی تیکنەلۆژیادا بکەن".

ئەمەش لە کاتێکدا کە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە مانگی ئابی ساڵی 2023 لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا رایگەیاندبوو، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەی کاتییەوە و حکومەت تاوتوێی هەنگاوەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزی تێچووی گوزەران دەکات.