ئایدن مه‌عروف ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری توركیا و شاندی یاوه‌ری خسته‌ڕوو

K24 - هەولێر:

له‌میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئایدن مه‌عروف وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری توركیا باسمان له‌ ره‌وشی توركمانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ كرد.

مه‌عروف هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، كورسی كۆتا بابه‌تێكی گرنگه‌، له‌ هه‌موو كۆبوونه‌وه‌ و دانیشتنه‌كان باسی ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌ یاسا رێكخراوه‌.

ده‌شڵێت: "ره‌وشی پێكهاته‌كان له‌ ئێستادا له‌ ئاستێكی زۆر باشدایه‌".

گوتیشی: "پەیوەندی هەولێر و ئەنقەرە لە ئاستێکی زۆرباشدایە و پەیوەندی ئابووری و سیاسی بەهێزمان هەیە".

تایبه‌ت به‌ دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی كوورسی كۆتا، ئایدن مه‌عروف گوتی: "هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ 11ـی ئه‌م مانگه‌ كۆتا دانیشتنی دادگای فیدراڵ بۆ ئه‌م پرسه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌هیواین ئه‌م سكاڵاكه‌ ره‌تبكرێته‌وه‌، چونكه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ره‌وشی پێكهاته‌كان".

ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر ئایدن مه‌عروف وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پێكهاته‌كان پێشوازی لە یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوون لە مەتین گوراك سوپاسالاری توركیا و عەلی ڕەزا گونەی، باڵیۆزی توركیا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و سەربازیی توركیا.