باڵیۆزی ئێران له نەتەوه‌یەکگرتووەکان: چەک به حەماس دەده‌ین

K24 – هەولێر:

ئەمیر سەعید ئەیرەوانی، باڵیۆزی ئێران له نەتەوه‌یەکگرتووەکان دەڵێت، ئێران چەک به حەماس دەدات و پەره به تواناکانی چەکدارانی فەڵەستین دەدات.

ئەیرەوانی جەختی کردەوه، ئێران هیچ رۆڵێکی له هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر نەبووه و ئەمه بڕیاری فەڵەستینییەکان بوو.

سەبارەت به حووسییەکانیش گوتی، ئێران چەک به حووسییەکان نادات و ئەوان چەکی خۆیان هەیه، دەستوەردانیش له بڕیارەکانی ئەو چەکدارانەی ناوچەکه که هێرش دەکەنه سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل و ئەمه‌ریکا ناکات.

دەشڵێت، تاران فەرمان بەو چەکدارانه ناکات و تەنیا راوێژی هاوبەشی لەگەڵیان هەیه.

جەختیشیکردەوه، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ چەکدارانی بەرەی مقاوەمه هاوپەیمانێتییەکی بەرگریی هاوشێوەی ناتۆ هەیه.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.