عەبدولڕەحمان سدیق: لە کابینەی نۆیەمدا گرنگی زۆر بە ژینگەی هەرێمی کوردستان دراوە

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تایبەتی بە ژینگە و پاراستنی داوە.

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، مرۆڤ مافی خۆیەتی بەرەوپێشبچێت و داهێنان بکات، بەڵام بەو مەرجەی لەسەر حیسابی ژینگە نەبێت، کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ژینگە دەڵێت: ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە.

سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: پیسبوونی ژینگە کێشەکی جیهانییە، ژینگە لە هەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵەدا بوو بە باسی رۆژ هەر ئەمەش خۆی لە خۆیدا نیشانەی ئەوەیە بابەتی هۆشیاری خەریکە زیاد دەکات.

عەبدولڕەحمان سدیق، ئاماژەی بەوەدا، هەموو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی ئەرکێکی ژینگەییان کەوتووەتە سەر شان، ئەرکە ژینگەییەکان لەلایەن دەستەی ژینگەوە بۆیان دیاریکراوە، دوو مانگ جارێک کۆبوونەوە لەنێوان دەستەی ژینگە و وەزارەتەکانی دیکە هەیە.

سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، گوتی: لە کابینەی نۆیەمدا لە کۆی چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەرەبەخۆ، سێ فەرمانگەی ژینگەیی کراوەنەتەوە، ئەوانیش؛ فەرمانگەکانی ژینگەی؛ هەڵەبجە، سۆران و زاخۆ، سەرتاسەری هەرێمی کوردستان فەرمانگەی ژینگەی هەیە. باسی لەوەشکرد، گەلی کوردستان لە دێر زەمانەوە بە شێوازێکی سەرەکی گەلێکی ژینگەدۆستە.

عەبدولڕەحمان سدیق، گوتیشی: بۆ پارستنی ژینگە دەبێت کار بۆ زیادکردنی سەوزایی بکرێت، هەروەها لە کابینەی نۆیەمدا گرنگی زۆر بە ژینگەی هەرێمی کوردستان دراوە.

سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، کە لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم، بەشی پێکەوەژیانی ئایینی، لە سەرووبەندی ئامادەکردنی کتێبێکن بە ناونیشانی'ژینگە لە روانگەی ئایینەکانەوە' هەر هەشت ئایینەکەی کوردستان وتەی جوانیان هەیە بۆ ژینگە.

سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، کە لە ئێستادا لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم، بەشی پێکەوەژیانی ئایینی، لە سەرووبەندی ئامادەکردنی کتێبێکن بە ناونیشانی 'ژینگە لە روانگەی ئایینەکانەوە' هەر هەشت ئایینەکەی کوردستان وتەی جوانیان بۆ ژینگە هەیە.

عەبدولڕەحمان سدیق، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڕیاری بۆ دەرچووە کە پۆلیسی گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێندرێن.

سەرۆكی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بەنداوەکانی هەرێم گوتی: دروستکردنی بەنداو و پۆندەکان زۆر گرنگە بۆ ژینەگەی هەرێمی کوردستان، هەروەها کۆکردنەوەی ئاو لە سنوورەکان جگە لەوەی دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەدات، ئاوی ژێرزەوی زیاد دەکاتن و وادەکات پلەی گەرمی لەو ناوچانەش دابەزێت.