دوو روونکردنەوەی جیاواز لە یانەکانی حاجیاوا و سەنگەسەر

هاندەرانی یانەی سەنگەسەر
هاندەرانی یانەی سەنگەسەر

دوای روداوەکەی ئەمڕۆ کە بەهۆی هێرشی هاندەرانی یانەی سەنگەسەر بۆ سەر پاسی یاریزانانی یانەی حاجیاوا، چەند یاریزانێکی ئەو یانەیە برینداربوون، هەردوو یانە دوو بەیاننامەی جیاوازیان لەبارەی روداوەکە بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەی یانەکەی حاجیاوا هاتووە '' ئێمە وەک ستاف و یاریزانانی یانەی وەرزشی حاجیاوا هەمیشە یانەکانی دیکەمان بە برا و هاوڕێی خۆمان زانیوە بەتایبەت یانەکانی دەڤەری ڕاپەڕین، دیارە ئەمڕۆ لە گەڕی دووەمی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان، بووین بە میوانی یانەی سەنگەسەر، سەرەڕای ئەوەی شکستمان هێنا، بەڵام هاندەرانی یانەی سەنگەسەر بە توندی هێرشیان کردە سەر یاریزانان و پاس و هاندەرانمان, کە ئەمە هیچ وەرزش دۆستی نیە و جێگەی قبوڵکردنیش نیە، چونکە یاریزانمان بریندار بوونە و پاسی یانەکەشمان و هاندەرانمان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. هەروەها چەندین وێنە و بەڵگەی ڤیدیۆییمان بەردەستە کە بە ئاشکرا چەندین هاندەر بەردی گەورە و بلۆک لە پاسی یانەکەمان دەگرن. لەکۆتایدا ئێمە سکاڵامان لە هاندەرانی یانەی سەنگەسەر هەیە، سکاڵای خۆمان لە یەکیەتی تۆپی پێی کوردستان تۆمار دەکەین و بەزووترین کات ئەبێت ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن ''.

لەلایەکی دیکەوە یانەی سەنگەسەریش بەیناننامەیەکیان بڵاوکردەوە و لە بەیاننامەکەی ئەو یانەیەشدا هاتووە '' ‎ئەمڕۆ ٧/٢/٢٠٢٤ لەگەڕی دووەمی قۆناغی یەکەمی خوولی یانە پلەدووەکانی کوردستان، یانەکەمان میوانداری یانەی وەرزشی حاجیاوای خۆشەویستی کرد، پێش دەستپێکی یاریی وەک ئەخلاقێکی وەرزشی خۆمان و بەرنامەی یانەکەمان جێگای شیاومان بۆ یانەی میوان ئامادەکرد، بەتەواوی پێداویستیەکانەوە پێش فیکەی ناوبژیوان بە گوڵ بەخێرهاتنی یانەی میوانمان کردل، یاریەکەش بەبێ کێشە و گرفت کۆتایی هات و بەدەستلە ملانێی یاریزانی هەردولا کۆتایی هات و بەو پەڕی ڕێزەوە یانەکە لەخاکی سەنگەسەر ماڵئاوایی لێ کرا بەشاهیدی سەرپەرشتیاری یاریی و نوێنەری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە سنورەکە، بەداخەوە دیارە بەدووری کیلۆمەترێك لە یاریگای یانەکەمان کۆمەڵێ مناڵی هەرزە و تیک تۆکچیەکان و ناوەرزشی بەمەسەت و بەئەنقەست ویستویانە یانەکەمان و سەرکەوتنەکانی یانەکەمان لەکەدار بکەین، بێگومان ئەوەی هاندەری ڕاستەقینەی یانەکەمان بێت و دڵسۆزی یانەکەمان بێت، بیرلەمجۆرە کارە قێزەونانە ناکاتەوە یانەکەمان بەهەموو شێوەیەک ئەم کردەوەیە ئیدانە دەکات، ئەمجۆرە توندوتیژی و كارە قێزەونانە هیچ پەیوەندی بەیانەكەمانەوە نیە و داوای لێبوردنیش لە سەرۆك وئەندامان و دەستەی كارگێڕی ودەستەی ڕاهێنەران و یاریزانانی یانەی وەرزشی حاجیاوای خۆشەویست و هاندەرە ئازیزەکانیان دەکەین ''.