یاخیبوونی کەریم بێنزێما لە یانەی ئیتیحادی سعوودی

کەریم بێنزێما، یاریزانی یانەی ئیتیحاد
کەریم بێنزێما، یاریزانی یانەی ئیتیحاد

کەریم بێنزێما ئەستێرەی فەرەنسی دوای چەند کاتژمێرێک لە گەڕانەوەی بۆ یانەی ئیتیحاد تووڕە بووە و بەبێ رەزامەندی راهێنەر مەشقەکانی جێهێشتووە.

لە بازاڕی گواستنەوەکانی زستانەی یاریزانان دەنگۆی ئەوە هەبوو کەریم بێنزێما نەگەڕێتەوە یانەی ئیتیحاد و پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، بەتایبەت دوای 17 رۆژ لە پشوودان لە کاتێکی درەنگ گەڕایەوە یانەکەی، چاوەڕێ دەکرا بێنزێما بە خواستن روو لە یەکێک لە یانەکانی مانچێستەر یونایتد یان چێڵسی بکات، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان بەهۆی بەرزی مووچەکەی ئەم گواستنەوەیە نەگەیشتە ئەنجام، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەگوترێت بێنزێما لە یانەی ئیتیحاد دڵخۆش نییە و چارەنووسی نادیارە.

لەم هەفتەیە کەریم بێنزێما گەڕایەوە یانەی ئیتیحاد و دەستی بە ئامادەکاریی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی تائی، بەڵام تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم لەگەڵ ئەم یانەیە بوو، دوای ئەوەی مارسێلۆ گایاردۆی راهێنەر پێی راگەیاند بە تەنیا مەشقەکانی بکات، کەریم بێنزێما تووڕە بووە و رەتیکردەوەتەوە ئەم کارە بکات، بەمهۆیەوە بەبێ رەزامەندی راهێنەر بە تووڕەییەوە مەشقەکانی جێهێشتووە، ئەمەش رەنگە کێشەکانی نێوان بێنزێما و یانەی ئیتیحاد قوڵتر بکات.


بێنزێمای 36 ساڵ لە هاوینی رابردوو بە گرێبەستێکی سەربەست بە مووچەی ساڵانەی 86 ملیۆن پاوەند رووی لە یانەی ئیتیحادی سعوودی کرد، تا ئێستا لە 24 یاریی 15 گۆڵی تۆمار کردووە.

کێشەکانی نێوان بێنزێما و ئیتیحاد قوڵتر دەبن
کێشەکانی نێوان بێنزێما و ئیتیحاد قوڵتر دەبن