هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ ئومێدێکیان بە یاسای بودجەی نوێی ئێران نییە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

حکومەتی ئێران لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوویدا بە رێژەی 20% مووچەی کرێکارانی زیاد کرد، لە کاتێکدا بەرزی رێژەی هەڵاوسان و نرخ تەنگی بە دانیشتووانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵچنیوە، بۆیە هاووڵاتییان هیچ ئومێدێکیان بە بودجەی نوێی وڵاتەکەیان نییە.

بەگوێرەی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران، کە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسندکراوە، مووچەی کرێکاران بۆ ساڵی داهاتوو بە رێژەی 20% زیادکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکوومەت، هەڵاوسانی گشتیی ساڵانە نزیکە لە 50%ـە، بۆیە زیادکردنی مووچە و دەستهەقی مانگانەی کرێکاران لە بودجەی گشتیدا نەبووەتە جێگەی دڵخۆشی چینی کرێکاران و مووچە خۆران.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کوردستان24 دەڵێ:

؛ "ئەو رێژە زیادبوونە هیچ هاوکارییەکمان ناکات، چونکە کرێی خانوو و خزمەتگوزارییەکان هێندە بەرزن، هیچ مانگێک نەبووە قەرزاری دوکاندارەکان نەبم بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە".

لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئێراندا بۆ ساڵی داهاتوو کەمترین موچەی مانگانەی کرێکار 10 ملیۆن تومەن دیاریکراوە، کە بەرانبەرە بە کەمتر لە 200 دۆلاری ئەمەریکی، کە بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، هێڵی هەژاری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، سی ملیۆن تومەنە، واتە هەر خێزانێکی سێ کەسی لە مانگێکدا کەمتر لە سی ملیۆن تومەن داهاتی هەبێت، لە ژێر هێڵی هەژاریدایە. 

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کوردستان24 دەڵێ؛

"کاتێک بازاڕو خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە بەردەوام نزخیان بەرزبێت، ئەوا مووچەی مانگانە هەرچەندە زیاد بکرێت هیچ بەهایەکی نییە و کاریگەریی نابێت لەسەر باشکردنی بژێوی هاووڵاتییان، بەڵام ئەگەر دۆخی بازاڕ و بەرزکردنەوەی نرخ کۆنترۆڵ بکرێت، ئەو کاتە نەک 10 ملیۆن تومەن، بەڵکو مووچەی مانگانە بۆ پێنج ملیۆنیش دابەزێنرێت، خەڵکی دەتوانێت بژیت".

ناوەندی ئاماری ئێران لە دوایی راپۆرتیدا ئاماژەیداوە، هەڵاوسان لە گۆشتی سوور و گۆشتی سپی لە سەرووی 110% ـە، بەڵام هەڵاوسانی گشتی لە خواردمەنییەکانی دیکە لە سەرووی 80%ـە، بۆ ئەو رێژە زیادکراوەی لە بودجەی ساڵی داهاتوودا پەسەندکراوە هیچ کاریگەرییەکی نییە بۆ باشترکردنی بژێوی چینی کرێکاران.