میدیاکانی ئێران هێرشەکەی ئەمەریکا بە "پێشێلکردنی سەروەری عێراق" ناودەبەن

وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی لەلایەن درۆنێکی ئەمەریکییەوە کرایە ئامانج (وێنە: AP)
وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەی لەلایەن درۆنێکی ئەمەریکییەوە کرایە ئامانج (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

هێرشە درۆنییەکەی ئەمەریکا لە بەغدا کە تێیدا دوو فەرماندەی باڵای چەکدارانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کوژران؛ لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ئێراندا رەنگی داوەتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی وڵاتەکەیان بکەن. 

میدیاکانی ئێران هێرشە درۆنییەکەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق وەسف دەکەن. لەو هێرشەدا ئەبوباقر ئەلساعیدی، فەرماندەی باڵای چەکدارانی کەتائیبەکانی حزبوڵڵا و ئەرکان عەلیاوی، یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کوژرا.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە نزیکە لە سوپای پاسدارانی ئێران، هەڵوێستی یەکەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق و گرووپی چەکداریی ئەهلی حەق و سەرۆکی فراکسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردووەتەوە کە هێرشەکە بە دوژمنایەتیی ئەمەریکا لەگەڵ گەل و حکوومەتی عێراق هەژمار دەکەن و پێیان وایە ناوچەکە بەرەو لێکەوتەی مەترسیدار دەبات، هەروەها داوای چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق دووپات دەکەنەوە و جەختیش لە بەردەوامیی دان ‌بەخۆداگرتنی بەرەی مقاومە لە ناوچەکەدا دەکەن.

ئاژانسەکە کاردانەوەی بزووتنەوەی حەماس و جیهادییشی بڵاو کردووەتەوە کە هێرشەکەی ئەمەریکا بە دڕندانە وەسف دەکەن و پێیان وایە پەرە بە گرژییەکانی ناوچەکە دەدات و خزمەت بە ئامانجەکانی ئیسرائیل دەکات.

ئاژانسی هەواڵی مێهریش هەڵوێستی سکرتێری گشتیی حزبوڵڵای عێراق و گرووپی نوجەبای بڵاو کردووەتەوە کە هێرشەکە بە ناجوامێرانە و پێشێلکردنی خاک و خوێن و سەروەریی عێراق هەژمار دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی ئیرناش، کاردانەوەی ئەبووحسێن ئەلحەمیداوی، سکرتێری گشتیی گرووپی کەتیبەکانی حزبوڵڵا و قەیس خەزعەلی، سکرتێری گشتیی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەقی بڵاو کردووەتەوە کە خەزعەلی داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بە فەرمی داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات هێزەکانی ئەمەریکا خاکی عێراق بەجێ بێڵن.

ئاژانسە فەرمییەکانی هەواڵ لە ئێران تا ئێستا هەڵوێستی فەرمیی حکوومەتی ئەو وڵاتەیان بڵاو نەکردووەتەوە.