دەگەڕێنەوە.."مێسی و ئێمباپێ لە لوسێل رووبەڕوو دەبنەوە"

موسی ئەلتەعمەری ئەستێرەی ئوردن و ئەكرەم عەفیف ئەستێرەی قەتەر
موسی ئەلتەعمەری ئەستێرەی ئوردن و ئەكرەم عەفیف ئەستێرەی قەتەر

قەتەر پاڵەوانی پێشووی جامی نەتەوەكانی ئاسیا بۆ دووەمجار لەسەریەك گەیشتە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتییەكە، رۆژی شەممەی داهاتوو قەتەر و ئوردن لە یاریگەی لوسێل بەیەك دەگەن، لەم یارییە هەموو چاوەكان بۆ یەكلاییكردنەوەی نازناوەكە لەسەر دوو سووپەرستارەكەی یاریی كۆتاییە كە پێكهاتوون موسا ئەلتەعمەری ئوردنی و ئەكرەم عەفیفی قەتەری كە تێیدا میدیاییەكانی عەرەبی رووبەڕبوونەوەی ئەم دووانە بەهاوشێوەی رووبەڕبوونەوەی "مێسی و ئێمباپێ" وەسف دەكەن.
قەتەر و ئوردن لە قۆناغی پێشكۆتایی، هەڵبژاردەكانی ئێران و كۆریای باشووریان دوورخستەوە و بە سەركردایەتی موسا ئەلتەعەمەری و ئەكرەم عەفیف گەیشتنە یاریی كۆتایی جامی ئاسیای 2023.
هەڵبژاردەی قەتەر لە یاریی كۆتایی جامی ئاسیای 2019 شكستی بە ژاپۆن هێنا و لەسەر خاكی ئیمارات بۆ یەكەمجار نازناوەكەی بردەوە، ئەمجارەشیان لەبەردەم هاندەرانی رووبەڕووی ئوردن دەبێتەوە و ئامانجی قەتەرییەكان بردنەوەی نازناوەكەیە بۆ دووەمجار لەسەریەك، ئەمەش لە كاتێكدایە تا ئێستا ئوردن ئەو نازناوەی بەدەستنەهێناوە.

ئەکرەم عەفیف و موسا ئەلتەعمەری رۆڵی یەكلاكەرەوەیان لە گەیاندنی هەڵبژاردەكانیان بۆ یاریی كۆتایی جامی ئاسیا بینی، دوای ئەوەی ئەكرەم عەفیف لە قۆناغی پێشكۆتایی لە كۆی 3 گۆڵی هەڵبژاردەكەی 2 گۆڵی كرد لە ئێران كرد، لە بەرامبەردا ئەلتەعمەری بەرامبەر كۆریای باشوور گۆڵێك و ئاسیستێكی كرد و بۆ یەكەمجار وڵاتەكەی بۆ یاریی كۆتایی جامی ئاسیا سەرخست.
لە جامی ئاسیای 2023، ئەلتەعمەری 3 گۆڵ و 2 ئاسیستی بۆ هەڵبژاردەی ئوردن كردووە، لە بەرامبەردا ئەكرەم عەفیف لە شاری یاریدا 5 گۆڵی تۆمار كردووە و تەنیا یەك گۆڵی پێویستە بۆ ئەوەی ژمارەی گۆڵەكانی لە پێشەنگی گۆڵكارانی پاڵەوانێتییەكە لەگەڵ ئەكرەم عەفیفی قەتەری هاوتا بكاتەوە.
دوای ئەو ئاستە بەرزەی ئەلتەعمەری و عەفیف لە جامی ئاسیا پێشكەشیان كرد، میدیایەكانی عەرەبی بەگشتی و كەنداو بەتایبەتی پێیانوایە رووبەڕبوونەوەی ئەلتەعمەری و عەفیف لە هەمان ئەو یاریگەی ئێمباپێ و مێسی لە یاریی كۆتایی مۆندیالی 2022 بەیەكگەیشتن هاوشێوەن.

ئەلتەعمەری و عەفیف باشتر بناسن
موسا ئەلتەعمەری 26 ساڵان. لە هاوینی 2018 لە یانەی شەبابی ئوردنییەوە پەیوەندی بە یانەی ئاپۆیل نیقۆسیای قوبرسی كرد، دوای دوو وەرز روویكردە لیۆڤینی بەلجیكی، دواتر هاوینی رابردوو ئۆفەرێكی لە لایەن یانەی مۆنپێلیێ فەرەنسا پێگەیشت و قبوڵی كرد، ئەم وەرزە لە كۆی 16 یاریی لە لیگ وەن 3 گۆڵ و 3 ئاسیستی كردووە.

ئەكرەم عەفیفی 27 ساڵان، پێشتر بە خواستن تەنیا بۆ ئەزموون وەرگرتن بەبێبەرامبەر پەیوەندی بە یانەكانی ڤیاریال و سپۆرتینگ خیخۆنی ئیسپانیا كرد، بەڵام وەكو پێویست نەیتوانی شوێنی خۆی لەو یانانە بكاتەوە، بۆیە گەڕایەوە یانەی سەدی قەتەری، لەگەڵ ئەو یانەیە لە كۆی 167 یاری، 104 گۆڵ و 79 ئاسیستی كردووە.

.