داوا دەکرێت ئیسرائیل لە چالاکییەکانی تۆپی پێ سڕ بکرێت

هەڵبژاردەی ئیسرائیل
هەڵبژاردەی ئیسرائیل

بەهۆی شەڕی غەززەوە 12 وڵاتی عەرەبی پەیامێکییان ئاراستەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان کردووە بۆ ئەوە ئیسرائیل لە سەرجەم چالاکییەکانی تۆپی پێ سڕ بکات و رێگە نەدات بەشداری لە پاڵەوانیەتییە نێودەوڵەتییەکان بکات.

فێدراسیۆنی تۆپی پێی رۆژئاوای ئاسیا کە پێکهاتووە لە ئیمارات، سعوودیە، بەحرەین، عێراق، ئوردن، لوبنان، عومان، فەڵەستین، قەتەر، سوریا، یەمەن و کوێت، پەیامێکیان ئاراستە کردووە و تێیدا هاتووە: "داوا لە فیفا و سەرجەم فێدراسیۆنە ئەندامەکانی دەکەین پاڵپشتمان بن لە وەرگرتنی هەڵوێستی یەکلاکەرەوە بۆ رووبەڕووبوونەوە وێرانکارییەکان لە فەڵەستین و دانانی سنوورێک بۆ جەنگی غەزە".

لە پەیامەکە هێما بۆ ئەوەش کراوە: "بەهۆی ئەم شەڕەوە ژێرخانی تۆپی پێ وێران بووە و لە غەززە کەسانی بێ تاوان دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن"

ئەم 12 فێدراسیۆنە لە پەیامە هاوبەشەکەیان نووسیویانە: "داوا لە فیفا دەکەین فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسرائیل لە سەرجەم ئەو چالاکییانە رابگرێت کە پەیوەستن بە تۆپی پێ تا ئەوکاتە کۆتایی بەم شەڕانگێزییە دەهێنن".

لەلایەن خۆیەوە سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسرائیل وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت: "متمانەم هەیە فیفا ناچێتە نێو سیاسەتەوە و ئێمە دژی بەشداریکردنی سیاسییەکانین لە تۆپی پێ".

سەرۆکی فێدراسیۆنی ئیسرائیل هێمای بۆ ئەوەش کردووە: "ناکرێت سیاسییەکان دەستتێوەردانیان لە کاروباری وەرزش هەبێت و خەونی ئێمە گەیشتنە بە یۆرۆی 2024 و چاوەڕێی ئاشتی جیهان دەکەین".