ئەمەریکا تێکشکاندنی سێ مووشەکی حوسییەکانی راگەیاند

ئەمەریکا تێکشکاندنی سێ مووشەکی حوسییەکانی راگەیاند
ئەمەریکا تێکشکاندنی سێ مووشەکی حوسییەکانی راگەیاند

K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا تێکشکاندنی سێ مووشەکی حوسییەکانی یەمەنی راگەیاند.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، 7ی شوبات، کاتژمێر 9ی شەو بەکاتی سەنعا لە هێرشێکیان دوو مووشەکی کروزی دژە کەشتی حوسییەکانیان لە خاکی یەمەن تێکشکاند، مووشەکەکان بۆ ئاڕاستەکردن ئامادەکرابوون.

ئاماژەی بەوەشدا، هەمان شەو کاتژمێر 11 و 30 خولەک هێرشێکی دیکەشیان بۆ سەر مووشەکێکی دیکەی کروز ئەنجامدا، بەهەمان شێوە لە خاکی یەمەن ئامادەکرابوو، تاوەکو ئاڕاستەی کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای سوور بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 04-02-2024،  ئەمەریکا و بەریتانیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکانی یەمەن دەستپێکردووە و بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی دەیان ئامانجیان کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، هێرشە ئاسمانییەکانیان لە 13 شوێنی یەمەن، 36 پێگەی حووسییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان دژی هاتووچۆی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بازرگانی و کەشتییەکانی هێزی دەریایی کە بە دەریای سووردا دەڕۆن.