ئەردۆغان: دەم پارتی درێژکراوەی پەکەکەیە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا دەم پارتی بە درێژکراوی پەکەکە پێناسە کرد و رایگەیاند، جەهەپە لەگەڵ دەم پارتی لە دیوی پشتی دەرگاکان کۆدەبنەوە و هیچ پرۆژەیەکیان بۆ تورکیا نییە.

رۆژی پێنجشەممە (8ـی شوباتی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە سەمسووری باکووری کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی تایبەت بە پارتەکەی کرد و رایگەیاند،  جەهەپە تەنیا بە دوای دەستکەوتی سیاسییەوەیە و هیچ پرۆژەیەکی بۆ خەڵک نییە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، مێزی شەش لایەن کە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی رابردوو پێکهێندرابوو، پرۆژەیەکی سیاسییە و ئەوانەی بەهەڵە لە سیاسەت گەیشتوون، رۆژی 31ـی ئادار وەڵامی خۆیان وەردەگرنەوە.

رەجب تەیب ئردۆغان گوتیشی: "ئێمە وەک جەهەپە لە دیوی پشتی دەرگاکان لەگەڵ دەم پارتی 'درێژکراوەی رێکخراوی جوداخواز' دانانیشن و دێم وەرناگرین. بەڵکو وەک هاوپەیمانیەتی کۆمار راستەوخۆ قسە لەگەڵ خەڵک دەکەین. ئیدارەی جەهەپە لەخەمی چارەسەرکردنی خەڵک نییە. هەموویان هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسین. مێزی شەش لایەنیش پرۆژەیەکی سیاسی بوو، ئەوانەی بەهەڵە لە سیاسەت گەیشتوون، رۆژی 31ـی ئادار وەڵامی خۆیان وەردەگرنەوە".

پێشتریش ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لە (30ـی کانوونی دووەمی 2024) گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئاکپارتی و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت لەرێگەی ناوهێنانی دەم پارتییەوە رۆژەڤی سەرەکی بشارنەوە و جەهەپەش وەک پارتێکی سیاسی پەیوەندیی لەگەڵ دەم پارتی هەیە و هیچ شتێکی شاراوەیان نییە.

سەرۆکی جەهەپە روونیکردەوە، "لەگەڵ هەر پارتێکی سیاسی چ جۆرە پەیوەندییەکمان هەبێ، لەگەڵ دەم پارتیش هەمان شتە. بەشێوەیەکی روون و راشکاوانە لەبەردەم چاوەکان لەگەڵ دەم پارتی کۆدەبینەوە، سەردانمان کردن و چایەکی دێمیمان خواردەوە و ئەوانیش هاتن بەهەمان شێوە، ئەوان لە پشتی کامێراکان لەگەڵ دەم پارتی دادەنیشن و قسە دەکەن و برادەری یەکترن بەڵام لەبەردەم کامێراکان دەست بە ساختەکاری دەکەن".

رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) ئایشەگول دۆغان، گوتەبیژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ئیستانبوڵ بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکەن و تا 9ـی ئەم مانگە کاندیدی ئیستانبوڵ و سەرجەم ئەو شارەوانییانەی کە ناویان رانەگەیەندراوە، ئاشکرا بکەن.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.