پاتێل: ئەگەر هێرش بۆ سەر هێزەکانمان بوەستێت هیچ هۆکارێک نابێت هێرش بکەین

ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ڤیدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات، رێزی تەواویان بۆ سەروەری عێراق هەیە و هێرشەکانیان پێشێلکردنی سەروەری عێراق نییە، بەڵکو بە بەرپرسیاردانانی میلیشیاکانە لە بەرانبەر کردەوە مەترسیدارەکانیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (8ـی شوباتی 2024) ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکەی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر فەرماندەیەکی حزبوڵڵا رایگەیاند، ئەو فەرماندەیەی کوژرا بەرپرسیاربوو لە پلاندانان و بەشداریکردن لە هێرشی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: "پێویستە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی موقاوەمە لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمان بووەستن، هەروەها دوودڵ نابین لە پاراستنی هێزەکانمان".

ڤێدانت پاتێل، دووپاتی کردەوە، ئەگەر هەڕەشە و هێرشەکان بەردەوامبن وەڵامیان دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر هێرش بۆ سەر هێزەکانیان بووەستێت هیچ هۆکارێک نابێت هێرش بکەن.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەی پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق رایگەیاند، "ئێمە رێزی تەواومان بۆ سەروەری عێراق هەیە، هێرشەکانمان پێشێلکردنی سەروەری عێراق نییە، بەڵکو بە بەرپرسیاردانانی میلیشیاکانە لە بەرانبەر کردەوە مەترسیدارەکانیان".

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی (7ـی شوباتی 2024) لە بەغدا ئۆتۆمبێلێک لە هێرشێکی درۆنیدا کرایە ئامانج لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران کە دوو سەرکردەی کەتائیبی حزبووڵڵا بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی لەنێو کوژراوەکاندان و دواتر حزبووڵڵای عێراقی لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیەی پشتڕاستکردەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی MQ9 کراوەتە ئامانج، هەمان جۆری ئەو فڕۆکەیە کە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی 2020 بەکارهێندرا.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، ساعیدی بەرپرسی سیستمی دروستکردنی مووشەک و درۆنەکانی حزبووڵڵای عێراقە کە لە هێرشەکەدا کوژرا.