کێربی: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە

جۆن کێربی، گوتەبێژی کۆشکی سپی
جۆن کێربی، گوتەبێژی کۆشکی سپی

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی کۆشکی سپی رایدەگەیێنێت، ئەگەر هێرش نەکرابایە سەر هێزەکانیان، پێویستی بە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمەریکا نەدەکرد، چونکە هێزەکانیان لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (8ـی شوباتی 2024) جۆن کێربی، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، هەروەها هێزەکانیان لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەو وڵاتەن.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، گوتی: ئەگەر هێرش نەکرابایە سەر هێزەکانمان، پێویستی بە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێمە نەدەکرد. ئاماژەی بەوەدا، هێشتا بڕوایان وایە، ئەرکی هاوکاری و راوێژی هێزەکانیان و داهاتوویان شایەنی گفتوگۆکردنە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی (7ـی شوباتی 2024) لە بەغدا ئۆتۆمبێلێک لە هێرشێکی درۆنیدا کرایە ئامانج لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران کە دوو سەرکردەی کەتائیبی حزبووڵڵا بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی لەنێو کوژراوەکاندان و دواتر حزبووڵڵای عێراقی لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیەی پشتڕاستکردەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی MQ9 کراوەتە ئامانج، هەمان جۆری ئەو فڕۆکەیە کە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی 2020 بەکارهێندرا.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، ساعیدی بەرپرسی سیستمی دروستکردنی مووشەک و درۆنەکانی حزبووڵڵای عێراقە کە لە هێرشەکەدا کوژرا.