پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: عێراقێکی سەقامگیر بۆ هەموو لایەک گرنگە

پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن"، وێنە :AP
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن"، وێنە :AP

K24 - واشنتن:

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" رایگەیاند، "ئەمەریکا نایەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت، بەڵام لە بەردەوام دەبین لە رێکارگرتنەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان"، ناوبراو لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24یش ئاماژەی بەوەدا، عێراقێکی سەقامگیر بۆ هەموو لایەک گرنگە

ئەمڕۆ پێنجشەممە (8ـی شوباتی 2024) پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان لێژنەی باڵای سەربازی عێراق و ئەمەریکا رایگەیاند، گفتوگۆکانمان دەربارەی گۆڕانکارییە لە هێزەکانی سوپا وەک بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان لەو ناوچەیەدا.

هەر ئەمڕۆ یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لێژنەی باڵای تەکنیکی سەربازی نێوان عێراق و ئەمەریکا دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.

گوتەبێژی پێنتاگۆن بە پەیامنێری کوردستان24یشی گوت: "عێراقێکی سەقامگیر بۆ هەموو لایەک گرنگە، بۆیە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان". دەشڵێت: هێزەکانمان لە عێراقن بۆ راهێنان پێکردنی سوپای عێراق بۆ مەبەستی چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی داعش.

پات رایدەر، باسی لەوەکرد، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە رێکارگرتنەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی خۆیان و دوودڵ نابن لە بەرپرسیاردانانی هەڕەشەکان کە بۆ سەر هێزەکانیان دروستی دەکەن.

گوتەبێژی پێنتاگۆن، لەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر عێراق و سووریا ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکانیان لەو دوو وڵاتە بەشێکە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی توانای هێز و میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ نانەوەی پشێوی کەمبکەنەوە.

پات رایدەر جەختی لەوەشکردەوە، ئەمەریکا نایەوێت دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت یاخوود هێرش بکاتە سەر لایەنەکان، بەڵام لە وەڵامی ئەم هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانیان دوودڵ نابن لەوەی کە بەرگری لەخۆیان بکەن.

گوتەبێژی پێنتاگۆن، لەبارەی هێرشیان بۆ سەر ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی حزبووڵڵای عێراقی دەڵێت: ئەم فەرماندەیەی حزبووڵا بەرپرس بوو لە پلاندانان و بەشداریکردنی راستەوخۆ بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا. باسی لەوەشکرد، دوای ئەنجامدانی هێرشەکەیان بۆ سەر فەرماندەکەی حزبووڵڵای عێراقی ئینجا ئەو وڵاتەیان ئاگادارکردووەتەوە.

پات رایدەر، گوتی: "ئێمە رێز لە سەروەری خاکی عێراق دەگرین، هەموو هەوڵێک دەدەین هیچ زیانێک بە خەڵکی مەدەنی نەگەینین".

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی (7ـی شوباتی 2024) لە بەغدا ئۆتۆمبێلێک لە هێرشێکی درۆنیدا کرایە ئامانج لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران کە دوو سەرکردەی کەتائیبی حزبووڵڵا بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی لەنێو کوژراوەکاندان و دواتر حزبووڵڵای عێراقی لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی ئەو دوو سەرکردەیەی پشتڕاستکردەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی MQ9 کراوەتە ئامانج، هەمان جۆری ئەو فڕۆکەیە کە بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە ساڵی 2020 بەکارهێندرا.

هەروەها سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، ساعیدی بەرپرسی سیستمی دروستکردنی مووشەک و درۆنەکانی حزبووڵڵای عێراقە کە لە هێرشەکەدا کوژرا.