دەمیرتاش: دەبێت لەپێناو دیموکراسی کۆبوونەوەکانی دەم پارتی لەگەڵ ئاکپاتی و جەهەپە بەردەوام بن

سەڵاحەددین دەمیرتاش
سەڵاحەددین دەمیرتاش

K24 – هەولێر:

هاوسەرۆکی پێشووی بەندکراوی هەدەپە لەسەر کاندیدبوون و دواتر پاشگەزبوونەوەی هاوژینەکەی بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ هاتەدەنگ و رایگەیاند، هەوڵی کاندیدبوونی باشاک دەمیرتاش بۆ تیشک خستنەسەر ئاراستەی سیاسی سێیەم بووە و لەپێناو ئازادکردنی خۆی یان پلە و پۆست نەبووە.

دوای زیاتر لە نۆ مانگ لە بێدەنگی، سەڵاحەددین دەمیرتاش لەگوتارێکدا رایگەیاند، سیاسەت لە تورکیا بووەتە بازرگانی و رەتیکردەوە هەوڵی کاندیدبوونی باشاک دەمیرتاشی هاوژینی لەپێناو وەرگرتنی پلە و پۆست یان ئازادکردنی خۆی بووبێت.

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵی خۆکاندیدکردنی باشاک دەمیرتاش بۆ تیشک خستنەسەر ئاراستەی سیاسی سێیەم بووە و هێرشی توندی کردووەتەسەر ئەو کەسانەی کە رایانگەیاندبوو، دەمیرتاش بۆ ئازادکردنی خۆی یان بەدەستهێنانی پلە و پۆست هاوسەرەکەی کاندیدکردووە.

لەبارەی دیدارەکانی دەم پارتی لەگەڵ لایەنەکان، دەمیرتاش رایگەیاندووە، کۆبوونەوە و دیداری نێوان دەم پارتی و ئاکپارتی یان جەهەپە ئاساییە و ئەگەر ئەم کۆبوونەوانە نەبێت، ئەوە بەمانای کێشە دێت، بۆیە پێویستە ئەم دیدارانە بەردەوام بن لەپێناو دیموکراسی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی (8ـی شوباتی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە سەمسووری باکووری کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی تایبەت بە پارتەکەی کرد و رایگەیاند: "ئێمە وەک جەهەپە لە دیوی پشتی دەرگاکان لەگەڵ دەم پارتی 'درێژکراوەی رێکخراوی جوداخواز' دانانیشن".

پێشتریش ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لە (30ـی کانوونی دووەمی 2024) گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئاکپارتی و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت لەرێگەی ناوهێنانی دەم پارتییەوە رۆژەڤی سەرەکی بشارنەوە و جەهەپەش وەک پارتێکی سیاسی پەیوەندیی لەگەڵ دەم پارتی هەیە و هیچ شتێکی شاراوەیان نییە.

پێشتریش موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند بوو، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەنگی بە پڕۆژەیاسای بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ داوە و لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) نزیکبووەتەوە، بۆیە بریاریانداوە هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ئەو پارتە نەبەستن و بە کاندیدی خۆیان بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.

لە ساڵی 2014 کاتێک داعش هێرشکردە سەر کۆبانێ و شارەکەی گەمارۆدا، سەڵاحەددین دەمیرتاش و سەرکردەکانی ئەو پارتە بانگەوازیان بۆ خۆپیشان کرد لە تورکیا، پاش ئەوەی خۆپیشاندان رێکخرا و گرژیی تێکەوت، بەرپرسانی هەدەپە  بەوە تۆمەتبارکران کە بەشێکن لە پەکەکە، بۆیە پاش زیاتر لە دوو ساڵ ئەو دۆسیەیە لە دادگای ئەنقەرە لەسەر دەمیرتاش و سەرکردەکانی هەدەپە جوڵێندرا و دەستگیرکران.

لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە، بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە لەلایەن حکومەتی تورکیا دەستگیرکران و تا ئێستا لە زیندانن. هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا چەندین جار داوای ئازادکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپەی کردووە، بەڵام حکومەتی تورکیا ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکات.