ژمارەی کوژراوانی غەززە لە 28 هەزار کەس نزیک دەبێتەوە

غەززە
غەززە

K24 – هەولێر:

ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە 27 هەزار و 950 کەسی تێپەڕاند و تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو، زیاتر لە 100 کەس کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

رۆژی هەینی (9ـی شوباتی 2024) تەندروستی کەرتی غەززە ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی بڵاوکردەوە کە بەهۆی بۆردومانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی غەززە، 105 کەس کوژراون، بەوەش ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە لە (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)ـەوە گەیشتە 27 هەزار و 950 کەسی، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

هەر بەپێی ئامارەکانی تەندروستی کەرتی غەززە، لە دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە (27ـی ئۆکتۆبەری 2023)، زیاتر لە 64 هەزار کەس برینداربوون و نزیکەی هەشت هەزار کەسیش بێسەروشوێنن.

رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند رۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.