دیندار زێباری: بۆ رێکخستنی کاری میدیا و پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان رێکاری تایبەت ئامادەکراوە

K24 – هەولێر:

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان کە رۆژی (7ـی شوباتی 2024) سەبارەت بە رەوشی رۆژنامەنووسان لە ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، رایگەیاند بۆ رێکخستنی کاری میدیا و پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان رێکاری تایبەت ئامادەکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەم راپۆرتە و رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا ئەمە سێیەم راپۆرتە لەسەر ئەو بابەتە بڵاودەکرێتەوە، پێشتر هەریەک لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ دوو ئاماری دیکەی جیاوازیان لەبارەی رەوشی رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوکردووەتەوە لە رووی ژمارە و داتا، ئەمەش ئاماژەیەکە کە کۆمەڵگەی مەدەنی ئازادانە کاری خۆیان ئەنجام دەدەن.

دیندار زێباری ئاماژەی بەوەشکردووە: لە ساڵانی رابردوودا بە سەدان میدیای جۆراوجۆر مۆڵەتیان پێبەخشراوە و کارئاسانییان بۆ کراوە، هەروەها لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، نزیکەی هەشت هەزار رۆژنامەنووس وەک ئەندام تۆمارکراون و بە سەدان کەسی دیکەش هەن لە دەرەوەی سەندیکا کاری رۆژنامەگەری دەکەن، لەم رووەوە ئازادی کاری میدیایی رێزی لێ دەگیرێت و پەرەی پێ دەدرێت.

سەبارەت بە رێوشوێنە یاساییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان روونیکردووەتەوە: دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بە جێبەجێکردنی فەرمانە دادوەرییەکانەوە پابەندن، هیچ پرۆسەیەکی پێچەوانە رێگەپێدراو نییە. دادگاكان بەپێی یاسا کارپێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان بڕیار لەو رووەوە دەدەن و کەیسەکانی رۆژنامەنووسان بەپێی یاسای رۆژنامەوانی ژمارە 35ـی ساڵی 2007 یەکلایی دەکرێنەوە. دەسەڵاتی دادوەری پێوەری تایبەتی هەیە بۆ جیاکردنەوەی یاساکان و جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەیەکی دادوەریی، بەڵام یاسای رۆژنامەگەری چالاکە و پێویستە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

هەروەها دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەنووسی لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئاشکرایکرد: بۆ جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵێک رێکاری ئامادەکردووە و ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردوووە سەبارەت بە میکانیزمی لێپێچینەوە، پێدانی زانیاری، خێراکردنی پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی کاری رۆژنامەگەری، جێبەجێکردنی یاسای رۆژنامەگەری.

زیاتر گوتیشی: لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەبێت ئەم رێکارانە جێبەجێ بکەن بەم پێیەش رێژەی ئەو راسپاردانەی لە بواری ئازادی رۆژنامەگەری زیادیکردووە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانەکە، ئەمەش نیشانەی پەرەپێدانی ئازادی کاری رۆژنامەنووسی و پاراستنی مافەکانی رۆژنامەنووسان و گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەم پرسە.