پسپۆرێکی کورد وەک راوێژکار بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەکات

بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی
بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی بواری پەرستاری ئافرەتان لە زانکۆی هەولێری پزیشکی لەسەر بانگهێشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی وەک راوێژکار بانگهێشتی کۆبوونەوەکی رێکخراوەکە دەکرێت بۆ باسکردن لە تەندروستی هاوژینی و منداڵبوون، کە ئەمە یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان پسپۆرێکی کورد لەو بوارە بەشداری لەو کۆبوونەوانە دەکات.

رۆژی هەینی (9ـی شوباتی 2024) پرۆفیسۆر د. حەمدیە میرخان ئەحمەد، مامۆستای زانکۆی هەولێری پزیشکی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە رۆژانی (6 تاوەکو 8ـی ئەم مانگە) لە ژنێڤی پایتەختی سویسرا لەسەر بانگهێشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی وەک راوێژکار بۆ ماوەی سێ رۆژ بەشداری لە 28ـەمین کۆبوونەوەکانی ئەو رێکخراوە جیهانییەی کردووە لەبارەی پرسی تەندروستی هاوژینی و زاوزێ و منداڵبوون.

حەمدیە میرخان ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ ژمارەیەک لە راوێژکارانی ئەو بوارە لە وڵاتانی ئەمەریکا، هیندستان، کینیا، ئۆگەندا، باشووری ئەفریقا و جامایکا بەشداری کۆبوونەوەکانیان کردووە و گفتوگۆیان لەبارەی پرسی تەندروستی هاوژینی و منداڵبوون کردووە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی رووبەڕووی قەیران بوونەتەوە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان یاخود رووداوە سرووشتییەکان.

لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، ئەو پرۆفیسۆرەی زانکۆی هەولێری پزیشکی باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکاندا باسی لە رەوشی تەندروستی ئافرەتان ومنداڵبوون کردووە کە چۆن لە رووی تەندروستییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بەو پرسە دەدات، لەگەڵ ئەوەشدا روونیان کردووەتەوە، کە بەهۆی کێشە سیاسیی و ئابوورییەکانەوە زۆرجار نەتواندراوە خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ تاک بە تاکی ئافرەتان دابینبکرێت، بۆیە پێویستی زانیوە کە رێکخراوە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان رۆلی خۆیان بگێڕن.

هاوکات حەمدیە میرخان جەختیکردەوە، کە پرسی گرنگیدان بە تەندروستی هاوژینی و منداڵبوون کە یەکێکە لە بوارە گرنگەکان لەسەر ئاستی جیهان و پلان و بەرنامەی تایبەت هەیە بۆ پێشکەوتنی زیاتر لەو بوارە، بۆیە وەک هەرێمی کوردستانیش لەو بوارەدا لەگەڵ پێشکەوتنەکانی وڵاتانی جیهان هەوڵی زیاتر بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی زیاتر بە ئافرەتان دەدەن.

0
0