کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگاکانی دەرەوەی سلێمانی دەکەونە کار

سلێمانی
سلێمانی

K24 – سلێمانی:

بەڕێوه‌بەری هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، دانانی كامێرای تۆماركردنی تیژڕەوی کاریگەری راستەخۆی لەسەر كەمبوونەوەی رووداوی هاتووچۆ لەناو سەنتەری شاری سلێمانی هەبووە، هاووڵاتییان و شۆفێرانیش زیاتر پابەندن بە رێنماییەكانی هاتووچۆ، بڕیاریشە لە ماوەیەكی نزیكدا كامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ریگاكانی دەرەوەی سلێمانی بكەونە كار.

بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خێرایی شۆفێران، 21 كامێرای تۆماركردنی تیژڕەوی بە درێژای شەقامی بازنەی مەلیك مەحموود- شەقامی هەواری شار - شەقامی راپەڕین و بەكرەجۆ و شەقامی سالم كەوتوونەتەكار، لە یەكەم رۆژی كارپێكردنی كامێراكان، هەزار و 200 سزا بەهۆی تیژڕەوییەوە لەلایەن كامێراكانەوە تۆماركراون، كارپێكردنی كامێراكان راستەخۆ كاریگەری هەیە لەسەر كەمكردنەوەی خێرایی لە شەقامەکان.

ئاسۆ محەممەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە دڵنیاییەوە تا خێرایی ئۆتۆمبێل کەمتر بێت رووداوی هاتووچۆ کەمدەبێتەوە، ئەگەر خێرایی کەمبێتەوە رووداویش رووبدات زیانەکانی کەمتر دەبن، هەروەها دانانی كامێرای تۆماركردنی تیژڕەوی کاریگەری راستەخۆی لەسەر كەمبوونەوەی رووداوی هاتووچۆ لەناو سەنتەری شاری سلێمانی هەبووە.

لەگەڵ دانان و كارپێكردنی كامێراكانی تیژڕەوی یەكێك لەو كێشە و گرفتانەی رووبەڕووی شۆفێران بووەتەوە نەبوونی هێمای پێویستە بەتایبەت لە رێگاكانی دەرەوەی شار، تاوەكو هۆشیاری زیاتر بە شۆفێران بدات لە ئاست رێنماییەكانی هاتووچۆ.

لەلایەن خۆیەوە دیلمان حەمە نادر، سەرۆکی رێکخراوی ترافیک بە کوردستان24ـی گوت: نەبوونی هێماكانی هاتووچۆ بەپێی پێویست لە شەقامەكان گرفتی بۆ شۆفێران دروستکردووە.

جگە لە كامێراكانی ناوشار بڕیارە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە دەرەوەی شاری سلێمانی بكەونە كار، هەروەها لەنێوان رێگای تاسلوجە و دووكان 12 كامێرا دانراون كە راستەخۆ كاریگەریان لەسەر كەمكردنەوە رووداوەكان هەبووە.