نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی لە رەفەح دەدات

دیمەنی ئاوارەبووانی کەرتی غەززە لە کۆڵانەکانی شاری رەفەح
دیمەنی ئاوارەبووانی کەرتی غەززە لە کۆڵانەکانی شاری رەفەح

K24 – هەولێر

نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح دەدات و بەکارەسات وەسفی دەکات. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش داوا لە وڵاتان دەکات رێگری لە کۆمەڵکوژی زیاتر لە کەرتی لەغەززە بکەن.

ستێفن دوژاریک گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لە ئەگەری ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە ئەستەمە بتوانرێت گیان و سەلامەتی خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچەیە بپارێزرێت.

راشیگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان بەتوندی دژی راگواستنی زۆرەملێی خەڵکی غەززەیە، بەڵام ئەگەر سوپای ئیسرائیل هێرشی زەمینی بکاتە سەر رەفەح، دەبێت میسر سنوورەکانی بەڕووی خەڵکی بکاتەوە بۆ ئەوەی کارەساتێکی مرۆیی روو نەدات، چونکە تەنانەت رێگە ئاساییەکانیش لە رەفەح بە خێمەی ئاوارەکان تەندراوە.

دوژاریک دەڵێ، نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا دەتوانین خۆراک و جلوبەرگ بۆ ئاوارەکانی غەززە دابین بکەین، بەڵام بێگومان ناتوانین بیانپارێزین.

هەروەها رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی لە سەر پێشێلکارییەکانی سەر مافەکانی مرۆڤ لە کەرتی غەززە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، پێویستە هەموولایەک رۆڵیان هەبێت تا رێگری لە سوپای ئیسرائیل بکەن، کۆمەڵکوژی لەغەززە نەکات.

لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە،  ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی رەفەحی باشووری کەرتی غەززە دەکات شارەکە بەجێبهڵێن، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی، چونکە دانیشتووانی رەفەح هیچ جێگەیەکییان نییە بۆی بچن.

بەنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، کە فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە، پلانێک بۆ راگواستنی دانیشتووانی شاری رەفەح ئامادە بکەن بەر لەوەی هێرشی زەمینی بۆ شارەکە دەست پێ بکەن.

شەڕی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس پێدەنێتە 127مین رۆژ، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، کە لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیپێکرد لە کاردانەوەی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، تاوەکوو ئێستا  نزیکەی 28 هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 64 هەزار کەسی دیکەیش برینداربوون، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار فەڵەستینی ئاوارەبوون.