دوای چوار ساڵ؛ جارێکی دیکە پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە

ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکا لەنێو عێراق
ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکا لەنێو عێراق

K24 - هەولێر

پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە بەو رێگەیەدا دەڕوات، کە پێش چوار ساڵ پێیدا تێپەڕیی و بەهیچ نەگەیشت. چاودێران باس لەوەدەکەن، هەوڵەکانی پەرلەمان پێش چوار ساڵ چەند بۆ دەرکردنی ئەمەریکا سەریگرت، ئەمجاریش هەر هێندە سەردەگرێت.

چوار مانگە ئەمەریکا و "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" مووشەک و درۆن لەنێو خاکی عێراقدا ئاراستەی یەکدی دەکەن؛ تازە بەتازە پەرلەمانی وڵاتەکە کۆبوونەوە لەسەر دەستدرێژییەکانی سەر سەروەری خاکەکەیان رێکدەخات.

هەرچەندە دانیشتنی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی دەستدرێژیی بۆسەر سەروەری عێراق راوێژکارییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت بە زۆرینەی دەنگ پەرلەمان داوای دەکردنی هێزە بیانییەکان و بەتایبەتی ئەمەریکییەکان لە عێراق بکات.

ئەم رێگەیە بۆ پەرلەمانی عێراق نامۆ نییە، چونکە دروست پێش چوار ساڵ هەڵوێستێکی لەم شێوەیەی وەرگرت و تەنانەت بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانیشیدا؛ بەڵام دەقی بڕیارەکە تۆزی لەسەرنیشت و کەس گرنگی پێنەدا.

بڕیارەکەی پێشووی پەرلەمان بۆ دەرکردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەم شێوەیە درا: لە 05-01-2020، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی بۆ کۆتایهێنان بەئەرکی هاوپەیمان لە عێراق ئەنجامدا، دانیشتنەکە لەسەر داوای هاوپەیمانی سائیرون و فەتح ئەنجامدرا. فراکسیۆنە کوردی و سونەکان بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا بە زۆرینەی دەنگ پەرلەمانی عێراق بڕیاری لەسەر چەند خاڵدا کەتایبەتن بە هەبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق؛ کە بریتین لە: هەڵوەشاندنەوەی داواکاری حکومەت بۆ داوای هاوکاری لەهاوپەیمانان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، سکاڵاکردن دژی ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری هێرشی ئەمەریکا بۆسەر فڕۆکەخانەی بەغدا و ئاشکراکردنی ئەنجامەکان بۆ رای گشتی، رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن هاوپەیمانانەوە، حکومەتی عێراق ناچاردەکرێت کار بۆ کۆتایهێنان بەئەرکی هاوپەیمانان بکات.

بڕیاری ئەوکاتی پەرلەمان هۆکاری کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بوو لە فڕۆکەخانەی بەغدا. دوای چارساڵ لە هەمان سیناریۆدا پەرلەمان دەیەوێت لەبەرامبەر کوژرانی دوو سەرکردەی حیزبوڵا هەمان رێگە بگرێتەبەر. چاودێران باس لەوەدەکەن، هەوڵەکانی پەرلەمان پێش چوار ساڵ چەند بۆ دەرکردنی ئەمەریکا سەریگرت، ئەمجاریش هەر هێندە سەردەگرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە کاتژمێر 05:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 10-02-2024، پەرلەمانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی "هێرش و پێشێلکارییەکانی سەر سەروەری خاکی عێراق" کۆببێتەوە. چاوەڕێ دەکرێت فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێکی فراکسیۆنە سونەکان بایکۆتی دانیشتنەکە بکەن.