لایەنە شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق هەوڵی  دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا دەدەن

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولیر

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێ کردن و گفتوگۆکردن دەبارەی هێرش و پێشێلکارییەکانی سەر سەروەری عێراق لەلایەن وڵاتانی دیکەوە کۆدەبێتەوە. لایەنە شیعەکانی نزیک بەرەی مقاوەمەش بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا زیاتر لە 100 واژووی کۆکردووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی شوباتی 2024، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 دیلان بارزان رایگەیاند، کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق لە ناوەڕۆکی کارنامەی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، تایبەتە بە گفتوگۆ کردن سەبارەت بەو دەستدرێژی کردنە سەر سەروەری خاکی عێراق. بەڵام بە فشاری لایەنە شیعەکان بەتایبەتی بەرەی سیاسی لایەنەکانی مقاوەمە باتایبەت ئەوانەی لەنێو پەرلەمانی عێراقدان، دەیانەوێت پڕۆژە یاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بێننە ناو پەرلەمان، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان تا ئێستا زیاتر لە 100 واژوو کۆکراوەتەوە.

بەگوێرەی گوتەکانی پەیامنێری کوردستان24، فشارێکی زۆر لەلایەن فراکسیۆنە شیعەکانەوە هەیە. ئەگەر هاتوو ئەو پڕۆژە یاسایە بێتە ناو پەرلەمان و گفتگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا رێژەی یاسایی تۆمار نەکراوە بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت، یاخود ئەو پڕۆژە یاساییە بهێنرێتە پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، کۆبوونەوە یاخود گفتگۆ دەبێت لەسەر ئەو دەستدرێژییانە بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق. هەرچەندە ناوی هیچ وڵاتێک نەهێنراوە کە بگووترێ دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا، تورکیا یاخود ئێران، تەنیا گوتراوە ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێتە سەر خاکی عێراق. هەروەها فراکسیۆنە شیعەکان فشارێکی زۆرییان کردووە بەتایبەتی بەهۆی ئەو هێرشانەی کە چەند رۆژی رابردوو کرانە سەر سەرکردەیەکی حزبوڵڵا لە بەغدا کوژرا، دەیانەوێت ئەو پڕۆژە یاسایە کە لە پەرلەمان ئامادەیان کردووە لەناو پەرلەمان و خوێندنەوەی بۆ بکەن.

بە گوێرەی زانییارییەکان زیاتر لە ئەو 100 واژووەی کە کۆکراوەتەوە پەرلەمانتارانی کورد و سوونە واژوویان کۆنەکردووەتەوە، سەرجەمیان پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعەکانن، ئەوانەی کە نزیکن لە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق. تا ئێستا هەڵوێستی فراکسیۆنەکانی دیکە روون نییە بەتایبەت فراکسیۆنە کوردییەکان، ئاخۆ بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن یاخود نا، جگە لە فراکسیۆنی سوونەکانەش بڕیاریان نەداوە کە بەشداردەبن لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیاخود نا.

کۆبوونەوەکە بڕیارە کاتژمێر 5ـی ئێوارە بەڕێوەبچێت، پێشووتریش لە ساڵی 2020 پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا، بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەولەتی ئەمەریکا لە خاکی عێراق. بەڵام ئێستا فراکسیۆنە شیعەکان دەیانەوێت لە رێگەی پڕۆژە یاسایەکەوە ئەمە بچەسپێنن بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق ناچار بێت بە دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا لە عێراق.

سەبارەت بەو بارودۆخەی کە هەیە، دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بڕیارە لەم هەفتەیەدا گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکانی حوکمەتی عێراق و لایەنی ئەمەریکی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کە لە ماوەکانی رابردوودا خۆیان باسیان کردبوو دەستپێبکات.