ئەکرەم عەفیف وشترێکی بە دیاری وەرگرت

ئەکرەم عەفیف بە وشترێک خەڵات دەکرێت
ئەکرەم عەفیف بە وشترێک خەڵات دەکرێت

ئەکرەم عەفیف هێرشبەری هەڵبژاردەی قەتەر، بەبۆنەی پێشکەش کردنی ئاستێکی باش بەرامبەر ئێران، لە یاریی قۆناغی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، لەلایەن هاندەرێکی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی خەڵاتکرا.

لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، قەتەر توانی بە ئاستە بەرزەکەی ئەکرەم عەفیف لە ئێران بباتەوە و بۆ دووەمینجار لەسەریەک گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانتیەکە.

رۆژنامەی شەرقیە وەرزشی بڵاویکردەوە، هاندەرێکی قەتەری کارێکی سەرنجڕاکێشی ئەنجامداوە و وشترێکی قاهیدیە کە یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی وشتری قەتەر، پێشکەشی ئەکرەم عەفیف هێرشبەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد، ئەویش بەهۆی ئاستە بەرزەکەی بەرامبەر ئێران.

هێرشبەرەکەی عەنابیەکان لە یاریی بەرامبەر ئێران لە قۆناغی پێشکۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، توانی گۆڵێک و ئاسیستێک تۆمار بکات، هەروەها بووە هۆی دەرکردنی یەکێک لە بەرگریکارانی هەڵبژاردەی بەرامبەر.

ئەکرەم عەفیف تاوەکو پێش یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، کە بڕیارە ئەمڕۆ شەممە رێککەوتی 10 شوبات رووبەڕووی ئوردن ببەنەوە، بە تۆمار کردنی 5 گۆڵ، پلەی دووەمی ریزبەندی گۆڵکارانی پاڵەوانتیەکەی گرتووە.