عێراقییەکان رۆژانە سێ ملیار دینار لە کڕینی جگەرە خەرج دەکەن

عێراقییەکان رۆژانە  سێ ملیار دینار لە کڕینی جگەرە خەرج دەکەن
عێراقییەکان رۆژانە  سێ ملیار دینار لە کڕینی جگەرە خەرج دەکەن

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، عێراقییەکان رۆژانە سێ ملیار دینار لە کڕینی جگەرە خەرج دەکەن. ئاماژە بەوەش دەدات، زۆرینەی ئەو جگەرانەی هاوردەی عێراق دەکرێن، پشکنینیان بۆ ناکرێت.

بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، رۆژانە نزیکەی 3 ملیار دینار لە کڕینی جۆرە جیاوازەکانی جگەرە و نێرگەلە لە عێراقدا خەرج دەکرێت.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکراشی کردووە، بە نزیکەیی نیوەی دانیشتووانی عێراق بەهۆی کێشانی جگەرە و نێرگەلەوە، بەدەست چەندین کێشەی تەندروستییەوە دەناڵێنن.

وەزارەتی تەندروستی باس لەوەش دەکات، زۆرینەی ئەو جۆرانەی جگەرە کە هاوردەی عێراق دەکرێن، هیچ جۆرە پشکنینێکییان بۆ ناکرێت، ئەمەش وایکردووە خراپترین جگەرەکان لە رووی کوالێتییەوە بەبێ هیچ چاودێرییەک لەلایەن حکومەتەوە هاوردە بکرێن.

ئەمە لە کاتێکدایە لەسەر ئاستی جیهان، لە هاوردەکردنی جگەرە و تووتن، عێراق لە پلەی چوارەمی جیهاندایە و لە دوای ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا دێت. بەهای ساڵانەی هاوردەکردنی جگەرە لە عێراق بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و ژمارەی جگەرەکێشانیش لە نێوان 14 بۆ 15 ملیۆن دایە.