دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا دەکات ئەو کەسەی "سووکایەتی" بە ئایینی ئیسلام کرد سزا بدرێت

لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان
لۆگۆی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دژایەتی خۆی بۆ ئەو جۆرە لێدوانانە دەردەبڕێت کە سووکایەتی بە ئایینە جیاوازەکان دەکەن. داواش لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی  هەرێمی کوردستان دەکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسە بگرێتەبەر کە سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 10-02-2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی لێدوانی هاووڵاتییەکی ئایینی زەردەشتی بڵاوکردەوە کە "سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئایینی ئیسلام" کردووە.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "هاووڵاتییەک خۆی وەک نوێنەری ئایینی زەردەشتییەکان له کوردستان ناساندوە بەناوی (ئاوات حسامەددین) لە چاوپێکەوتنێکی دا لەگەڵ میدیایەک قسە و وشەی نەشیاوی بەرامبەر پیرۆزییەکانی ئایینی ئیسلام بەکارهێناوە. ئەمەش بە سووکایەتی هەژمار دەکرێت و پێچەوانەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانە لە هەرێمی کوردستان و بەوەش نیگەرانی گەورەی لەناو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە زۆرینەیان موسڵمانن دروستکردووە".

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت، ئەوان دژی ئەو جۆرە لێدوانانەن کە سووکایەتی بە ئایینە جیاوازەکان دەکەن، هەستی هاووڵاتییان بریندار دەکەن و پشێوی بڵاودەکەن. ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەمە بەشێکە لە وتاری ڕق و کینە و، توندڕەوی دروست دەکات و زۆرجاریش دەبێتە مایەی پەرچەکردار و وەڵامدانەوە کە هیچی لە بەرژەوەندی ئەو پێکەوەژیانە جوانەی هەرێمی کوردستان نییە کە هەمووان شانازی پێوە دەکەین و هیچ کێشەیەک نییە لە نێوان ئایینەکان".

دەستەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، لە نزیکەوە چاودێری ئەو بابەتە دەکەن و لەسەر هێڵ دەبن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان. داواش لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان دەکات ئەو کەیسە بجوڵێنن و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسە بگرنەبەر.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەو قسە و لێدوانە بەرامبەر "ئاینی پیرۆزی ئیسلام، لە هەمان کاتدا سەرکۆنەی هەر جۆرە پێشێلکاری و سووکایەتییەک دەکەین بکرێتە سەر هەر ئایین و ئایدیایەک و دەبێت دەزگا یاساییەکان و قەزائیەکان ڕووبەڕوی یاسایان بکەوە بۆ ئەوەی نەبێتە کلتور و ڕێگری بکرێت لە دووبارە بوونەوەی" .

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەهەمان کاتدا داوا لەدەزگا ڕاگەیاندنەکان و کەناڵەکان دەکات "نەبنە بەشێک لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە پەیام و کردارانەی پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و سوکایەتین بە ئایینەکان و چین و توێژەکان لەناو کۆمەڵگە، چونکە ئەوانیش دواتر بەشێک دەبن لە بەرپرسیارێتی یاسایی".