ئەمەریکا پەیوەندییە ساختەکانی زیرەکی دەستکرد قەدەغەدەکات

K24 - هەولێر

کۆمسیۆنی رێکخستنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا ئەو پەیوەندییە ئۆتۆماتیکیانەی قەدەغەکردووە کە دەنگەکانی دروستکراوی بەرنامەکانی زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنن، ئەمەش بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ئەو کارە ساختانەیە کە لە ئەنجامی ئەم تەکنەلۆژیایەدا پەرەدەسەنن.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، جێسیکا وۆرسڵ، سەرۆکی کۆمسیۆنی فیدراڵی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا رایگەیاندووە، "لایەنە نیاز خراپەکان دەنگی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا بەکاردەهێنن".

هۆشداریشی بەو ساختەکارانەی لە پشت ئەم پەیوەندیانەوەن داوە کە بڕیاری بەنایاسایی ئەم پەیوەندییانە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە تەکنیکەکانی کۆپیکردنی دەنگ لەم پەیوەندییە ئۆتۆماتیکییانەدا بەکاردەهێنرێن، کە بە زمانی ئینگلیزی بە "Robocalls".

وۆرسڵ جەختی لەوە کردەوە: "ئامرازی نوێ بۆ نەهێشتنی ئەم ساختەکاریانە، و دڵنیابوون لە پاراستنی خەڵک لە ساختەکاری و زانیاری چەواشەکارانە، لەمەودوا لەبەردەستی داواکاری گشتی ویلایەتەکاندا دەبێت".

گەشەسەندنی زیرەکی دەستکرد نیگەرانی دروستکردووە، کە بووەتە هۆی هەوڵدان بۆ رێکخستنی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە، کە ڕێگە بە دروستکردنی ناوەڕۆک "دەق، وێنە و دەنگ" دەدات.

کۆمسیۆنەکە جەختیکردەوە، "زیادبوونی ئەم جۆرە پەیوەندییانە لەم ساڵانەی دواییدا خێراتر بووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم تەکنەلۆژیایە ئێستا وایکردووە بە لاساییکردنەوەی دەنگی کەسایەتییە ناودارەکان و کاندیدە سیاسییەکان و ئەندامانی خێزانە نزیکەکان بتوانرێت بەکارهێنەران بە زانیاری چەواشەکارانە فریو بدرێن".

پەیوەندییە تەلەفۆنییە ساختەکان لەم دواییانەدا سەریان هەڵدا کە تێیدا دەنگی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکای تێیدا بەکارهێنرا بۆ بێهیواکردنی دانیشتوانی نیو هامپشایر لە دەنگدان لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی دیموکراتەکاندا.