بەریتانیا نیگەرانە لە هێرشکردنی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رایگەیاند، زۆر نیگەرانە لە فراوان بوونی هێرشە زەمینییەکانی ئیسرائیل لە غەززە، کە شاری رەفەحیشی گرتووەتەوە.

دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە پلاتفۆڕمی ئێکس رایگەیاند، "من زۆر نیگەرانم لە ئەگەری هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح، کە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی غەززە ئاوارەی ئەو شوێنە بوونە".

ئاماژەی بەوەشکرد، کاری لە پێشینە، دەبێت دەستبەجێی شەڕ رابگیرێت، هەروەها هاوکاری مرۆیی بهێنرێتە ناو غەززە و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن، پاشان بەرەو ئاگربەستێکی بەردەوام هەنگاو بنرێت".

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو ئاماژەی بەوەدا، لە نزیکەوە هێرش دەکرێتە سەر رەفەح و گوتی: داوام لە سوپا کردووە خۆی ئامادە بکات بۆ چۆڵکردنی سەدان هەزار کەس لەو ناوچەیە.

ئاژانسی "پرێس ئاسۆشیشن"ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، شاری رەفەح کە دەکەوێتە سەر سنووری میسر، تاکە ناوچەیە کە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل نەکراوەتە ئامانج، هەروەها زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی کەرتی غەززە چوونەتە ئەو شارە، کە 2.3 ملیۆن کەسە.

رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند رۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوی تەندروستی کەرتی غەززە، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە لە (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)ـەوە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 27 هەزار و 950 کەسی، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن. هەروەها زیاتر لە 64 هەزار کەسیش بریندار بوون.