بوومەلەرزەیەکە بە گوڕی 4.5 پلە لە دهۆک روویدا

دیمەنێکی دهۆک
دیمەنێکی دهۆک

K24 - هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر پارێزگای دهۆکی هەژاند و هاووڵاتییان بەتەواوی هەستیان پێکرد.

دەستەی گشتی کەشوهەوا و بومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-02-2024، نزیکەی کاتژمێر 07:36 خولەک، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلەی رێختەر پارێزگای دهۆکی هەژاند.

بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ژێر توێکلی زەویدا روویداوە. بەشێکی دانیشتووانی دهۆک کە نامەیان بۆ کوردستان24 ناردووە، ئەوەیان خستەڕوو، بەتەواوی هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.

مەسعود وەرمێلی، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک رایگەیاند، بوومەلەرزەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە، 03-02-2024، کاتژمێر 06:09 خولەکی بەیانی بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.2 پلەی رێختەر لە دهۆکی روویدا. بوومەلەرزەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، لە ماوەی نزیکەی دوو مانگی رابردوودا، نزیکەی 30 بوومەلەرزە لە ناوچەی سنووری تورکیا و هەرێمی کوردستان روویداون، بەڵام زیانی گیانی و ماددیان نەبووە.