33 زیندانی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە

K24 - هەولێر

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران دوا راپۆرتی دەربارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە و ئاشکرای دەکات، نزیکەی 33 زیندانی بە تۆمەتی کار و چالاکیی سیاسیی لەبەردەم جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەداندان.

رێکخراوەکە لە راپۆرتێکەیدا ناوی تەواوی زیندانییەکانی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیداوە، لە گرتووخانەکانی شیبانی ئەهواز، دیزل ئابادی کرماشان، قزلحەساری کەرەج، زاهیدان، وەکیل ئابادی مەشهەد، ماهشەهر، ئەوین، سنە، ورمێ و ئیسفەهان، کە بەشێکیان هاووڵاتییانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانن، بەهۆکاری چالاکی سیاسیی دەستگیرکراون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەکراوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، سەرجەمی ئەو 33 زیندانییە لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە بە تاوانی سیخوڕیی بۆ وڵاتانی بێگانە و دژایەتیکردنی حکومەت و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە و رەنگە بەمنزیکانە سزای لەسێدارەدانی هەر یەک لە عەباس دریس، رەزا رەسایی و موجاهید کوکور جێبەجێ بکرێت، چونکە دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری کۆتایی لە سەر جێبەجێکردنی سزاکانداوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ تەنیا لە مانگی رابردوودا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 86 کەس لەسێدارە دراون، لە ساڵی 2023شدا نزیکەی 791 کەس لەسێدارە دراون، لە نێویاندا 25 ئافرەت و دوو منداڵ هەبوون، کە بەراورد بە ساڵی 2022 رێژەکە %33 زیادی کردووە.