تەندروستیی جیهانی: پشتیوانییەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن

تەندروستیی جیهانی دەڵێت پشتیوانییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن
تەندروستیی جیهانی دەڵێت پشتیوانییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، داوای لە بەرپرسی نوێی رێكخراوی تەندروستیی جیھانی لە عێراق کردووە ھاوكارییەكانیان بۆ ھەرێمی كوردستان زیاتر بكەن. بەرپرسی رێکخراوەکەش دەڵێت، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی سیستەمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.

پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، 11-02-2024، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە جۆرج كیزێربۆ، بەرپرسی نوێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق. 

سامان بەرزنجی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ئاماژەی بەوە کرد، "لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو رێکخراوی تەندروستیی جیهانی چەند پڕۆژەیەکی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و، نووسینگەکەی لەنێو باڵەخانەی وەزارەتی تەندروستی کردووەتەوە". گوتیشی، "رێکخراوەکە لەکاتی بڵاوبووەنەوەی پەتای کۆرۆنا زۆر هاوکار و پاڵپشتمان بوو".

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی "بۆ ئێمە پاڵپشتێکی گەورەیە و هیوداراین پڕۆژەکانی ئێستایان بەردەوام بن و لە پڕۆژەی داهاتووش لە رووی هونەرییەوە زیاتر گفتوگۆی لەسەر بکەین". لەبارەی کۆبوونەوەی نێوانیشیان، گوتی، "چەند داواکارییەکمان هەبوون. داوامان کرد هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەکو وڵاتانی دیکە تایبەتمەندی باشتری هەبێت".

لەلایەن خۆیەوە جۆرج كیزێربۆ، بەرپرسی نوێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق پابەندبوونی رێکخراوەکەی بۆ کارکردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و راشیگەیاند، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی سیستەمی تەندروستی هەرێمی کوردستان.

وەکو ئەوەی جۆرج كیزێربۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێ دا،  رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق سوورە لەسەر ئەوەی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێبدات، لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکان.