جۆو بایدن لە وەزیری دادی وڵاتەکەی توڕەیە

K24 - هەولێر

راپۆرتێکی راوێژکاری تایبەت رۆبەرت هۆر سەبارەت بە خراپ مامەڵەکردنی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ بەڵگەنامە نهێنییەکان، کە لەلایەن وەزارەتی دادەوە بڵاوکرایەوە، بووە هەواڵە گەرمەکانی ئەمەریکا.

کۆمارییەکان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە دۆزینەوەی راپۆرتی هۆر، سەبارەت بە کاردانەوەکانی تەمەنی بایدن و لاوازی یادەوەریەکانی، بەو هۆیەوە دیموکراتەکان داوایان لە سەرۆکەکەیان کردووە کە ئامادەبوونی میدیایی و دەرکەوتنی گشتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەنگدەران چڕتر بکاتەوە. بۆ رەواندنەوەی گومانەکان لەسەر تەندروستی بیرەوەری.

لەسەر ئەم بابەتە کۆشکی سپی لە مێریک گارلاند، وەزیری دادی ئەمەریکا توڕەیە، لەسەر بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە بەبێ ئەوەی دەستوەردانی تێدا بکات بەر لەوەی بڵاوبکرێتەوە یان رابگیرێت.

چەندین دەزگای راگەیاندن، لە کۆشکی سپییەوە رایانگەیاندووە، کە بایدن یاریدەدەر و راوێژکارەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە گارلاند هەوڵێکی پێویستی نەداوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی هۆر، کە تێیدا هاتووە "توانا بیرەوەرییەکانی سەرۆک کەمبوونەتەوە".

زۆرێک لە چاودێران پێشبینیان دەکرد ئەگەر بایدن لە مانگی نۆڤەمبەری داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، جارێکی دیکە گارلاند بۆ وەزارەتی دادی ئەمەریکا دەستنیشان نەکرێتەوە، بایدن جگە لە توڕەیی لە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی هۆر، ناڕەزایی خۆیشی لە دانانی لێکۆڵەرێکی تایبەت لە دۆسیەی کوڕەکەی، هانتەر بایدن و درێژکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکەی دەربڕی، هەروەها دواخستنی دۆسیە تاوانکاریەکان کە رووبەڕووی ترەمپ بوونەتەوە بۆ بەردەم دادگاکان.

یاریدەدەرانی بایدن پرسیاریان کرد کە بۆچی گارلاند راوێژکارێکی تایبەتی دەستنیشان کردووە، سەرەڕای ئەوەی بایدن دانی بە بەرپرسیارێتی خۆیدا ناوە و خۆبەخشانە ئەو بەڵگەنامانەی رادەست کردووە کە دۆزیویەتیەوە، ئەمەش پێچەوانەی دۆسیەی ترەمپ بووە.

بە گوتەی بەرپرسانی پێشووی وەزارەتی داد، گارلاند لە رووی تیۆریەوە دەیتوانی راپۆرتەکە بە نهێنی بهێڵێتەوە، بەڵام لە پراکتیکدا راگرتن یان سانسۆرکردنی راپۆرتەکە نەدەتوانرا رابگیرێت، هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لە بڵاوکردنەوەی.

بیل بار، داواکاری گشتی پێشووی ئیدارەی ترەمپ، بە ئاماژەدان بە بڕیاری بڵاوکردنەوەی راپۆرتی هۆر، گوتی: "پێموایە ئەمە بابەتی بەرژەوەندی گشتی زۆرەملێیە و پێویستە گارلاند ملکەچی ئەوە بێت". بەڕاستی دەتوانیت هێڵێک بکێشیت و بڵێت: "من ئەمە ناهێنمە پێشەوە".

لە کاتێکدا کۆمارییەکان پەلەیان کرد بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر بایدن، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی هەڵەکانی ئەو سەرۆکە، دیموکراتەکان کۆبوونەوە بۆ بەرگریکردن لە بایدن، ترەمپ سوودی لە راپۆرتەکەی هۆر وەرگرت، و لە وتارێکدا پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانی لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، گوتی: پێموانییە بزانێت کە لە ژیاندایە، مانگی رابردوو ترەمپ ڤیدیۆیەکی تەنزئامێزی هەڵبژاردنی سەبارەت بە بایدن بڵاوکردەوە و کۆشکی سپی وەک "خانەنشینێکی ئاسوودە، کە دانیشتووانەکەی هەست بە سەرۆکایەتی دەکەن" وێنا دەکات.

بایدن بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکایە کە تا ئێستا تەمەنی 81 ساڵە و لە کۆتایی خولی دووەمی خۆیدا دەگاتە 86 ساڵ. لە کاتێکدا ترەمپ لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا تەمەنی دەبێتە 78 ساڵ.