پرۆسەی هەژماری من لە سلێمانی و دهۆک چووە واری جێبەجێکردنەوە

هەژماری من
هەژماری من

K24 – هەولێر:

پرۆسەی ناوتۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک دەستیپێکرد.

رۆژی یەکشەممە (11ـی شوباتی 2024) تیمی سەرپەرشتیاریی پرۆژەی ھەژماری من لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـیان راگەیاند، لەمڕۆوە پرۆسەی ناوتۆمارکردنی فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک دەستیپێکرد.

لە کۆتایی مانگی رابردوو، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، پرۆسەی ناوتۆمارکردنی فەرمانبەران لە پرۆژه‌ی "هەژماری من"، گەیشتە 200 هەزار کەس، هاوکات 23 هەزار فەرمانبەر کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە و 36 ئامێری پارەڕاکێشانیش دامەزرێندراون.

پێشتریش مەسرور بارازانی، سه‌رۆكی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی پرۆژەی هەژماری منەوە رایگەیاندبوو: "ئامانجمان ئەوەیە تا کۆتایی 2024 ملیۆنێک هاووڵاتیی کوردستان، دەستیان بە خزمەتگوزاریی بانکی بگات".

هەژماری من دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.

بەهۆی دەستپێشخەریی "هەژماری من"ـه‌وه‌ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM) کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

پرۆژەی "هەژماری من" پرۆژەیەکی بانکیی نوێخوازانەیە، سیستەمی دابینکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانە لە ڕێگەی پشبەستن بە هەژمارە بانکییەکان؛ چاوەڕێش دەکرێت لە ماوەی ئاییندەدا، پرۆسەکە هەنگاوی گەورەتر بهاوێت و وەرچەرخان لە بزاوتی ئابووریی کوردستاندا بێنێتە کایەوە.