دیندار زێباری: چەند رێکارێکمان بۆ کاری رۆژنامەوانی داناوە

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان

K24 – هەولێر:

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوەدەکات، داوایان کردووە پێداچوونەوە بە یاسای رۆژنامەوانی بکرێت. هاوکات رێکخستنی کاری میدایی لە هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانێت.

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم کار بۆ سەروەری یاسا، شەفافیەت، بەرپرسیارەتی و بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت کراوە، "هەر لەم چوارچێوەشدا پڕۆسەی حکوڕانیمان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامی پێداوە".

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی 2022 پلانێکی دانا بۆ رێکخستنی کاری میدیایی لەو هەرێمە، لە چوارچێوەی ئەم پلانەش بە هەماهەنگی لەگەڵ یونامی و بە هاوکاری عێراق کۆمەڵێک رێکار بەپێی ستاندارتێکی نێودەوڵەتی داڕێژرا، هاوکات کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن.

دیندار زێباری، ئاماژەی بەوەدا، لە رووی یاساییەوە داوامان لە پەرلەمانی کوردستان کرد پێداچوونەوەیەک بە یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35ـی ساڵی 2007 بکرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ ستاندارتی نێودەوڵەتی بگونجێت.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پاڵپشتی لەوە کردووە کە ئەنجوومەنی دادوەری، داواکاری گشتی، کۆمەڵگەی مەدەنی و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشە چاودێر بن لەسەر پڕۆسەی هەبوونی هەر دەنگۆ و پێشێلکارییەك، هاوکات ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاریی و پشتیوانییەکین لەو بوارەدا.

دیندار زێباری، باسی لەوەشکرد، دامودەزگاکانی حکومەت سەرچاوەی فەرمینە و دەبێت درێخی نەکەن لەپێدانی زانیاری بە رۆژنامەنووسان بەبێ ئەوەی هیچ سانسۆرێک هەبێت

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دەشڵێت: ئازادی میدیایی لە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی دوورودرێژە، هەروەها پاڵپشتی زیاتر لە کاری میدیایی دەکەین.