لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2024؛ لەژێر دروشمی ئاییندەبینی حکومەتەکان بەڕێوەدەچێت

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان
لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان

K24 – هەولێر:

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە ساڵانە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، ئەمساڵ بە دروشمی ئاییندەبینی حکومەتەکان و بە بەشداری زیاتر لە 125 سەرکردە و سەرۆکی حکومەت و دامەزراوەکان بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

رۆژی دووشەممە (12ـی شوباتی 2024) لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2024 لەژێر دروشمی " ئاییندەبینی حکومەتەکان " بەڕێوەدەچێت و بڕیارە تاوەکو 14ـی ئەم مانگە بەردەوام بێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان پلاتفۆرمێکە بەمیوانداری زیاتر لە 25 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەتەکان و زیاتر لە 85 رێکخراوی نێودەوڵەتی، هەرێمی، دامەزراوەی جیهانی و 120 شاندی حکومی و سەرکردە و بیرمەندانی جیهانی بەڕێوەدەچێت، کە ئامانج لێی خستنەڕووی دیدگای فراوانە بۆ ئاراستە سەرەکییەکانی داهاتووی حکومەتەکانی جیهان.

هەروەها پلانی لوتکەکە بەگشتی بریتیە لە لەخۆگرتنی  110 کۆبوونەوەی سەرەکی دیالۆگ، کە 200 کەسایەتی نێودەوڵەتی تێیدا قسە دەکەن، جگە لە بەستنی 23 کۆبوونەوەی وەزاری و دانیشتنی جێبەجێکردن، کە زیاتر لە 300 وەزیری حکومەتە جیاوازەکان بەشداری تێدا دەکەن. لە پەراوێزی لوتکەکەشدا، هەشتەمین خولی کۆڕبەندی دارایی عەرەبی لەلایەن وەزارەتی دارایی ئیمارات کە بە هەماهەنگی لەگەڵ سندووقی دراوی عەرەبی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی رێکخراوە دەبەسترێت، کە ئامانج لێی دیزاینکردنەوەی سیاسەتی دارایی و کاراکردنەوەکەیەتی لە چوارچێوەیەکی دادپەروەریدا، بۆ چارەسەرکردنی لاوازی ئاستی قەرز و مامەڵە داراییەکان و شیکردنەوەی کێشە داراییەکانی ئاییندەی جیهان، کە چوار پانێلی سەرەکی لەخۆدەگرێت ئەوانیش: ئابووری گشتی، پێشکەوتنەکان و پێشنیازەکان، پێشکەشکردنی تێروانینی گشتی بۆ ئابووری جیهانی عەرەبی لەسەر ئابووری ناوچەکە. هەروەها باسکردنی خاڵە لاوازەکانی پەیوەست بە قەرزەکان و پشتیوانیکردن لەکەرتی چاکسازی دارایی.

یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی لوتکەکە باسکردنی چیرۆکەکانی سەرکەوتنە، کە چاکسازیکردن لە کەرتی وزە و تۆڕەکانی دیکەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت.

دانیشتنی سێیەمی لوتکەکە بەدروشمی "چۆن بەها لە سامانی گشتییدا دروست بکەین"، دەست پێدەکات کە باس  لەوە دەکات چۆن حکومەتەکان دەتوانن لەرێگەی سەرمایەکانیانەوە کەرتی گشتی ببوژێننەوە.

هەروەها بەبەشداری، 15 وەزیری گەنج لە وڵاتانی عەرەبی و زیاتر لە 20 بڕیاردەر و دامەزراوەی گەنجان و بەشداری زیاتر لە 100 گەنجی دیکەی سەرکردە و خاوەن ئەزموون لە کۆمەڵگەی مەدەنی و گەشەپێدانی مرۆیی و هاوکات 30 قسەکەر، کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەراوێزیی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی بۆ سەرکردە گەنجەکان بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا پێداچوونەوە بە کۆمەڵێک دەستپێشخەری و ئەزموون و لێکۆڵینەوەی گەنجان و لاوان دەکات لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی کە پەیوەست دەبێت بە بەهێزکردن و بنیاتنانی بەرزکردنەوەی ئاستی توانستەکانیان.