مایکڵ پرێجنت: زۆرینەی عێراقییەکان داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن

مایکڵ پرێجنت، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری سەربازی ئەمەریکا
مایکڵ پرێجنت، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری سەربازی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

ئەفسەرێکی پێشووی هەواڵگری سەربازی ئەمەریکا، رایدەگەیەنێت؛ حەشدی شەعبی لە ماوەکانی رابردوودا نزیکەی 500 عێراقی کوشتووە، هەروەها لەو کاتەی کە حەشدی شەعبی دروستبووە خەریکی کوشتنی عێراقییەکانن.

مایکڵ پرێجنت، ئەفسەری پێشووی هەواڵگری سەربازی ئەمەریکا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، گەورەترین نیگەرانی لە ئێستادا کە لە عێراق هەیە بەهۆی هەڕشەی داعشەوە نییە بەڵکو بەهۆی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکانە کە پاڵپشتی ئێرانیان هەیە، ئەوانە هەڕەشەن بۆ سەر کوردەکان و بۆ سەر عەرەبەکانیش.

ئەو ئەفسەرە پێشوویەی هەواڵگری سەربازی ئەمەریکا، راشیگەیاند؛ ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە بۆشاییەکی زۆری ئەمنی دروست دەبێت و بە دڵنیاییەوە داعش سەرهەڵدەداتەوە، چونکە هێزە سەربازییەکانی عێراق ئامادەنین ئەو وڵاتە بپارێزن.

مایکڵ پرێجنت، ئاماژەی بەوەدا، بەشێکی زۆری عێراقییەکان لەگەڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکان، بەڵام ئەوە ئێرانە داوای چوونە دەرەوەی ئەمەریکا دەکات. باسی لەوەشکرد، ئەمەریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش گەڕایەوە عێراق، بەڵام دواتر کۆمەڵێک گرووپی میلیشیا هاتنە پێشەوە و لەبری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەرکیان بووە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا.

ئەو ئەفسەرە پێشوویەی هەواڵگری سەربازی ئەمەریکا، دەڵێت: ئەمەریکا دەتوانێت لە عێراق بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی رەزامەندی بەغدا وەربگرێت، هەروەها ئەمەریکا لەهەر وڵاتێک بێت دەتوانێت بەبێ رەزامەندی ئەو وڵاتە لەوێدا بمێنێتەوە.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر عێراق ئەمەریکا کۆمەڵێک لە چەک و پێداویستی شەڕی بە حەشدی شەعبیدا، بەڵام ئەوان ویستیان ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەو چەکانە دژی هێزەکانی ئەمەریکا بەکاربهێننەوە، لە کاتێکدا تەنیا هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بوون کە داعشیان تێکشکاند.

مایکڵ پرێجنت، دەشڵێت: گرووپە میلیشیاکان سەروەری عێراق پێشێل دەکەن، نەک هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان، هەروەها ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە مامەڵە دەکات، بەڵام بەداخەوە سوودانی ناتوانێت هیچ کارێک بکات.

ئەو ئەفسەرە پێشوویەی هەواڵگری سەربازی ئەمەریکا، گوتیشی: حەشدی شەعبی لە ماوەکانی رابردوودا نزیکەی 500 عێراقی کوشتووە، هەروەها لەوکاتەی کە حەشدی شەعبی دروستبووە خەریکی کوشتنی عێراقییەکانن.