لێژنەی باڵای سەربازی عێراق کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان دەستپێدەکاتەوە

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، لیژنەی باڵای سەربازی عێراق و ئەمریکا درێژە بە کۆبوونەوەکانیان دەدەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (11ـی شوباتی 2024)یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی باڵای سەربازی عێراق و ئەمەریکا درێژە بە دانیشتنەکانیان دەدەن و کارەکانی لیژنەکە بە زووترین کات تەواو دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکاندا خشتەیەک بۆ دیاریکردنی وادەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی دادەرێژرێت و دەچنە قۆناغی پەیوەندی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی شوباتی 2024) خالید یەعقوبی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند،  لە بەغدا گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان لەگەڵ واشنتن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەڕێوەدەچێت.

یەعقوبی لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، سەرەڕای هەموو ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵام عێراق سوورە لە سەر درێژەدان بە دانووستانەکانی "دەرکردنی هێزە بیانییەکان"، چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە.

بە گوتەی راوێژکارەکەی سوودانی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتی عێراق و نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنانە بە ئەرکی هێزە بیانییەکان، کۆبوونەوەکە لە کۆبوونەوەکەی پێشوو فراوانترە و دەشڵێت: "ناکرێت چاوەڕێ بکەین لە هەموو لایەکەوە هەڕەشەمان لێ بکرێت، بۆیە بۆ کۆتایی هێنان بە بوونی هێزە بیانییەکان، جگە لە دانووستان هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە".