رێبه‌ر فه‌تاح: به‌شدارییه‌كانی پێشووی مه‌سرور بارزانی له‌ لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمدا  هه‌بووه‌

K24 – هەولێر:

تایبه‌ت به‌ به‌شداری شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان له‌ دوبه‌ی 2024، پسپۆرێكی ئابووری رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆی له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی جیهان بگونجێنێت. گوتیشی: "به‌شدارییه‌كانی پێشووی مه‌سرور بارزانی له‌ لوتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان، ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمدا  هه‌بووه‌".

رێبه‌ر فه‌تاح پسپۆری ئابووری به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، به‌ دیجیتاڵكردنی حكومه‌ت و ره‌فتاركردن له‌گه‌ڵ سۆشیالمیدیا و زیره‌كی ده‌ستكرد، یه‌كێكه‌ له‌و گۆڕانكارییانه‌ كه‌ پێویسته‌ خۆمانی له‌گه‌ڵ بگونجێنین.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌شداریی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لووتكه‌ی جیهانیی حكومه‌ته‌كان گرنگه‌، به‌تایبه‌ت  له‌ رووی زانینی دوارۆژی حكومه‌ته‌كان، ئه‌زموونی حكومه‌ته‌ به‌شداربووه‌كان، كه‌ سوودی زۆری بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.

گوتیشی: "به‌شدارییه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لوتكه‌كانی پێشوو، ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێم هه‌بووه‌، هاوشێوه‌ی به‌گه‌ڕخستنی پرۆژه‌كانی به‌ دیجیتاڵكردنی حكومه‌ت و هه‌ژماری من و چه‌ندین پرۆژه‌ی دیكه‌".

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2/11 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە دوبەی و لەلایەن خەلیفە شاهین ئەلمەرەر وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لێکرا.

بۆ ساڵی سێیەمه‌ لەسەر یەک سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشداریی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە ئیمارات دەکات.

پێشتریش نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاندبوو، سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی شوباتی 2024) لەسەر بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، بەرەو ئیمارات بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە لە رۆژانی  12 تاوەکوو 14 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: خۆشحاڵم بە بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان 2024.