ئیسرائیل رزگارکردنی دوو بارمتەی لە شاری رەفەح راگەیاند

K24 – هەولێر

دوای 128 رۆژ هێزەکانی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە دوو لە بارمتە رفێنراوەکانیان رزگارکرد، کە چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو رفاندبوویانن.

حکومەتی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپاو پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ توانراوە دوو بارمتە بە ناوەکانی (فێرناندۆ سیمۆن مارمان) تەمەن 60 ساڵ و (لویس هار) تەمەن 70 ساڵ رزگاربکەن.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوو بارمتە رزگارکراوەکە دۆخیان جێگیرەو بۆ پشکنینی تەندروستی گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی شێبا تەل هاشۆمیر لە تەلئەڤیڤ.

چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە (7ی تشرینی یەکەمی 2023) بە چەند شێوازێکی جیاواز و لە چەند لایەکەوە هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل، کە بە رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر ناسراوە و بەهۆیەوە 1160 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژران، لە نێویاندا 700 کەسی مەدەنی بوون، کە 36 لە قوربانییەکان منداڵ و 70 کەسی دیکەشیان خەڵکی بیانی بوون.

هەروەها 250 کەسیان بە بارمتە رفاند، دوای رێککەوتنێکی کاتی بەشێکیان بەرانبەر ئازادکردنی ژمارەیەک لە دیل و زیندانییەکانی حەماس ئازادکران، بەڵام بە گوێرەی ئامارێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا 132 رفێندراو لە ژێر دەستی چەکدارانی حەماس ماون و بەهۆی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززەشەوە لانیکەم 29 کەس لە رفێندراوەکان کوژراون.

لە کاردانەوەی هێرشەکەی حەماس و هەوڵەکانی رزگارکردنی بارمتەکان، سوپای ئیسرائیل لە (17ی تشرینی یەکەمی 2023) هێرشی سەر کەرتی غەززەی کرد، ئەمڕۆ شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل پێدەنێتە 129یەمین رۆژو بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین تاوەکو ئێستا زیاتر لە 28 هەزارو 176 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.